رووداو دیجیتاڵ
بەفەرمی بڕیاردرا کۆپا ئەمریکای 2024 بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، بە بەشداری 16 هەڵبژاردەی بەڕێوەبچێت.
پاڵەوانێتییەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، بە بەشداری 10 هەڵبژاردەی ئەمریکای باشوور (کۆنمیبۆڵ) و 6 تیپی کۆنکاکاف (ئەمریکای باکوور، ئەمریکای ناوەڕاست و کاریبی).
وڵاتانی کۆنکاکاف دەرفەتی سەرکەوتنیان دەبێت بۆ ئەم پێشبڕکێیە لە ڕێگەی خولی نەتەوەکانی کۆنکاکاف 2023 - 2024
کۆنکاکاف ئاماژەی بەوەشکردووە، پاڵەوانێتییەکە بەهاوبەشی لەلایەن هەردوو فیدراسیۆنی کیشوەرییەوە رێکدەخرێت.
ئەمە دووەمجارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا میوانداری پاڵەوانێتییەکە دەکات، دوای ئەوەی لە ساڵی 2016 میوانداری کرد.
دوایین کۆپا ئەمریکا لە ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، کە ئەرجەنتین بە بردنەوەی یاریی کۆتایی لە بەرازیلی میواندار، بە ئەنجامی 1-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
سەرۆکی کۆنمیبۆڵ، ئەلیخاندرۆ دۆمینگێز. لەو باریەوە گوتی "کۆنمیبۆڵ و کۆنکاکاف لە رێگەی پەیوەندییە مێژووییەکانەوە یەکگرتوون، هەموو کیشوەرکە لە خولیایی بۆ تۆپی پێ هاوبەشە، هیوادارین ئەم ئەزموونە ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەوەی تۆپی پێ و بەهاکانی گەشە بکەن و بەهێزتربن لە سەرانسەری نیوەگۆی زەویدا، بێگومان هەردوو فیدراسیۆن باوەڕیان بە گرنگییە گەورەکەی هەیە و لەگەڵ بەم ئاراستەیەدا کاردەکەن".
سەرۆکی کۆنکاکاف، ڤیکتۆر مۆنتاگلیانیش، گوتی "ئەم هاوبەشییە ئامانجیەتی پشتگیری لە گەشەسەندنی بەردەوامی تۆپی پێی پیاوان و ئافرەتان بکات لە کۆنکاکاف و کۆنمیبۆڵ، و بەڕاستی سوودی هاوبەشی دەبێت بۆ هەردوو فیدراسیۆنەکە. پێکەوە کاردەکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی تۆپی پێ بەردەوام بێت لە گەشەکردن لە هەردوو هەرێمەکەدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ