وین روونی چیرۆکی دیارییە سەیرەکەی مارادۆنا دەگێڕێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن مارادۆنا وەین روونی
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

وین روونی ئەفسانەی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد، پەردە لەسەر چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش لادەدات و باس لەوە دەکات چۆن لە یەکێک لە ناخۆشترین شەوەکانی ژیانی وەرزشییدا، دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا ئەفسانەی ئەرجەنتین دیارییەکی تایبەتی پێشکێش کردووە.
 
وین روونی لە دیمانەیەکی نوێدا ئاشکرای کردووە لە ساڵی 2013 و دوای یارییەکی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ریال مەدرید، لە یەکێک لە چێشتخانەکانی شاری مانچێستەر چاوی بە دیێگۆ مارادۆنا کەوتووە. روونی دەڵێت لەو شەوەدا زۆر تووڕە بووە، چونکە سێر ئەلێکس فێرگسۆن لە یارییەکی گرنگدا لەسەر کورسیی یەدەگ داینابوو و تیپەکەشیان بە ئەنجامی 2-1 دۆڕابوو.
 
گۆڵکارە مێژووییەکەی مانچێستەر یونایتد دەڵێت "بۆ ئەوەی خەمەکانم بڕەوێنمەوە چوومە چێشتخانەیەک، مارادۆنام لەوێ بینی. ئەو بە تەواوی بە پۆشاکی فەرمی و بۆینباخەوە دانیشتبوو. کاتێک منی بینی، بۆینباخەکەی خۆی لە مل کردەوە و دایە من، لە کاتێکدا من هێشتا جلی وەرزشیی یانەکەم لەبەردابوو".
 
ئەو کاتە مارادۆنا بۆ بینینی کچەکەی، کە هاوژینی سێرجیۆ ئەگوێرۆ بوو، سەردانی شاری مانچێستەری کردبوو. مارادۆنا هەمیشە سەرسامیی خۆی بۆ تواناکانی وەین روونی پێشاندابوو و بە یاریزانێکی ئاستبەرز و جیهانیی ناوی دەبرد.
 
روونی دەڵێت تاوەکو ئێستاش ئەو بۆینباخەی مارادۆنای لە ماڵەکەی خۆیدا پاراستووە و وەک یادگارییەکی بەنرخ سەیری دەکات. ئەو ئەفسانە ئینگلیزییە گوتی "ئەو شەوە بە تووڕەیی چوومە دەرەوە، بەڵام لانیکەم بە شتێکی باشەوە گەڕامەوە کە بۆینباخەکەی مارادۆنا بوو".
 
کاروانی وەرزشی وەین روونی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد لە 2008 بۆ 2017 بووە و توانیویەتی لە هەموو پاڵەوانتییەکان 253 گۆڵ تۆماربکات و 16 نازناوی جیاواز بۆ یانە ئینگلیزییەکە بەدەستبهێنێت
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە