پاپا فرانسیس.. ئەو ئەرجەنتینییەی سەرسامی پێلێ بوو

21-04-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پاپا فرانسیس پێلێ مارادۆنا لیۆنیل مێسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەماوەی 12 ساڵ مانەوەی لە ڤاتیکان، وەک کەسایەتیی یەکەمی ئاینی مەسیحی لە جیهاندا، پاپا فرانسیس هیچکاتێک خۆشەویستیی خۆی بۆ تۆپی پێ نەشاردەوە و ئەو یارییەکەی بەهۆکارێک بۆ ئاشتی و فێربوون ناودەبرد.
 
پاپا فرانسیس کە ناوی خۆی، خۆرخی ماریۆ بیرجۆلیۆ بوو، لەماوەی دوانزە ساڵ پاپایەتی خۆیدا، پێشوازی لە دەیان ئەستێرەی وەک لیۆنێل مێسی، دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ و جیان لویجی بۆفۆن کرد و واژۆی لەسەر دەیان درێس و تۆپی جیاوازکرد بۆ هاندەرانی تۆپی پێ و ئەستێرەکان.
 
پاپا، ئەگەرچی بەمنداڵی لەسەر شەقامەکانی بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین تۆپی پێی کردبوو، بەڵام تاوەکو ساتی گیانلەدەستدانی، رۆژێک لە رۆژان وەک یاریزان نەدرەوشایەوە، بەڵکو تەنیا وەک هاندەرێک مایەوە.
 
ئەو لە ژیاننامەی خۆیدا کەبەناوی 'ئومێد' لەسەرەتاکانی 2025 بڵاویکردەوە، دەڵێ کەسانی وەک من لە وڵاتەکەی خۆمدا بە 'باتا دۆرا' ناودەبرام، واتە خاوەنی دوو قاچی باش، بەڵام زۆرینەی کات کاتێک یارییمدەکرد، گۆڵپارێز بووم.
 
پاپا فرانسیس، پاپای 266ی ڤاتیکان بوو، ئەو هەمووکات بەهاندەری یانەی سان لۆرینزۆ لە بۆینس ئایرس مایەوە. خۆی گوتوویەتی کە ئەو بەمنداڵی، لەگەڵ باوکی و براکانی، دەچووە یاریگە رووخێنراوەکەی ڤیێخۆ گاسۆمیترۆ، بۆ بینینی یارییەکان.
 
ئەو دەیگوت لەبیرتان بێت، "تۆپی پێ رۆمانسی و خێزانییە". تەنانەت پاش بوونی بەپاپای ڤاتیکانیش هەر بەئەندامی دەستەی هاندەرانی یانە سوور و شینەکەی بۆینس ئایرس مایەوە.
 
ئەو لە رێگەی یەکێک لە پاسەوانەکانییەوە، کە بەردەوام ئەنجامی یارییەکانی تیپەکەی بۆ دەنووسی، چاودێریی ئەنجامەکانی تیپەکەی دەکرد.
 
پاپا فرانسیس، لە گەشتەکانی دەرەوەیدا، لە زۆر یاریگەی جیاوازدا نوێژی کرد، لە مانگی نۆی ساڵی 2023دا، هاندەرانی مارسیلیای فەرەنسی، سوپرایزێکیان بۆ ئەوکرد، کاتێک تیفۆیەکی گەورەیان لە یاریگەکەیاندا بەرزکردەوە کە وێنەی ئەوی لەسەربوو.
 
پاپا، بەدوور لەوەی پێیوابوو وەرزش خۆی لە خۆیدا هۆکارێکە، ئەو پێیوابوو تۆپی پێ هۆکارێکە بۆ ئاشتی و فێربوون، ئەگەرچی گەندەڵی و قەبارەیەکی گەورەی پارەی تێدا خەرجدەکرێت.
 
ساڵی 2014 و بەدەستپێشخەریی ئەو، یاریگەی ئۆڵۆمپی لە رۆما یارییەکی دۆستانەی لەپێناو ئاشتیی نێوان ئاینەکاندا لەخۆگرت. ئەو ساڵی 2019 رایگەیاند، "زۆر کەس پێیانوایە کە تۆپی پێ جوانترین وەرزشە لە جیهاندا، منیش هەمان بۆچوونم هەیە".
 
ئەو لە ساڵی 2012 بیری یاریزانانی هێنایەوە کە ئەوان بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییان لەسەر شانە، ئەو هۆشداریدانێ لەوەی کە ئاگاداری لادانە بازرگانییەکان بن چونکە تۆپی پێ، پیس دەکات.
 
ئەو سەرسامبوونە بەتۆپی پێ، کە پاپا هیچکاتێک نەیشاردەوە، لە فیلمی دوو پاپادا کە ساڵی 2019 پەخشکرا، دەریدەخات کە پاپای کۆچکردوو بیندیکتۆسی شانزەیەم و کاردیناڵ بێرگۆلیۆ پێکەوە تەماشای یاریی کۆتایی مۆندیال لە نێوان هەردوو وڵاتەکانیان، ئەرجەنتین و ئەڵمانیا دەکەن.
 
پاپا فرانسیس هیچکات باسی مۆندیالی 1978ی نەکرد کە وڵاتەکەی لەسەردەمی دیکتاتۆریەتی سەرۆکایەتیدا بەدەستیهێنا. 
 
ئەو هەموو کات گوتی، "مارادۆنا مەزن بوو، بەڵام وەک مرۆڤ شکستی هێنا". ئەو رەخنەی لەوە هەبوو مارادۆنا مەزنایەتییەکەی خۆی لە دونیای تۆپی پێدا نەگواستەوە بۆ ژیانی کەسی و بەهۆی هۆشبەر و کهولەوە کاروانەکەی کۆتایی هات.
 
لە کتێبی یادەوەرییەکانیدا، بەشێکی تایبەتی بەناوی 'دەستی خودا' نوسیوە، ئاماژەی بەو گۆڵە کرد کە مارادۆنا لە مۆندیالی 1986 بەرامبەر ئینگلتەرا تۆماریکرد، ئەو باسی ئەو ساتەی کردووە کە پێشوازی لە مارادۆناکرد لە ڤاتیکان و ئەوکات گوتی، کام دەستەیان گوناهبارە؟
 
پاپا لەبارەی لیۆنێل مێسییەوە گوتی، رەوشتبەرزە، بەڵام کاتێک قسەی بۆ رۆژنامەڤانێکی ئیتاڵی کرد لەبارەی باشترینەوە، گوتی، بەلای منەوە، پێلێی بەرازیل، لەنێوان ئەو و مێسی و مارادۆنادا مەزنترینە. چونکە خاوەنی دڵێکی گەورەیە.
 
پاپا فرانسیس هەمووکات هەوڵیدەدا بێلایەنیی لە تۆپی پێدا بەشێوەیەک بپارێزێت، سەرکەوتن و شکست لەو یارییەدا نەبێتە هۆکاری ناکۆکی، ئەو لەبارەی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2022ەوە گوتی، داواکارم تیپی براوە خاکەڕایانە ئاهەنگ بگێڕن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە