یاریزانانی ئێران بە جانتای قوتابخانەی منداڵانەوە سروودی نیشتمانییان گوتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن هەڵبژاردەی نیشتیمانی ئێران
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران، لە یارییەکی دۆستانەدا بە هەڵگرتنی جانتای قوتابخانە، پەیامی ناڕەزایەتییان ئاراستەی جیهان کرد، ئەمەش وەک هاوسۆزییەک بۆ ئەو قوتابییانەی لە هێرشە مووشەکییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە، گیانیان لەدەستداوە، لە دوای بەرپابوونی جەنگ لە 28ی مانگی رابردووەوە.
 
هەڵبژاردەی ئێران، یارییەکی دۆستانەی ئامادەسازیی بەرامبەر هەڵبژاردەی نایجیریا لە تورکیا ئەنجامدا، بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە و لەکاتی سروودی نیشتمانیی وڵاتەکەدا، هەر یاریزانێکی هەڵبژاردەی ئێران، جانتایەکی قوتابخانەی رەنگ پەمەیی و مۆری بەدەستەوە گرتبوو، قردێلەیان پێوە بەسترابوو. بەرپرسێکی تیپەکە ئاماژەی بەوە کردووە ئەم کارە، وەک پەیامێکی ناڕەزایەتی سیمبولیی بووە، دژی کوژرانی قوتابییان لە یەکەم رۆژی دەستپێکی ململانێ سەربازییەکاندا.
 
پێشتر ئێران رایگەیاندبوو، هێرشێکی مووشەکی لە 28ـی مانگی 2ـی 2025 قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە ئێران کردووەتە ئامانج. بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، بەهۆی ئەو هێرشەوە، 175 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان قوتابی بوون.
 
بەردەوامیی هێرشە مووشەکییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، گومانی لەسەری بەشداریکردنی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی داهاتوو هێناوەتە ئاراوە کە بڕیارە هاوینی ئەمساڵ، ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی بکەن.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی کردووە ئێران لە مۆندیال بکشێتەوە، لە بەرامبەردا ئەحمەد دنیامالی، وەزیری وەرزشی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی گوتووە "بە دڵنیاییەوە ناتوانین بەشداریی لە مۆندیال بکەین، چونکە ئەو رژێمە سەرکردەکەمانی تیرۆر کردووە".
 
جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا لە 11ـی مانگی 3 رایگەیاند، دڵنیایی لە ترەمپ وەرگرتووە کە پێشوازی لە ئێران دەکرێت، بەڵام دواتر ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسی "بڕوا ناکەم گونجاو بێت ئێران لەوێ بێت، لەپێناو ژیان و سەلامەتی خۆیان". لە وەڵامی ئەمەدا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاند "هیچ کەسێک" ناتوانێت بێبەشیان بکات و بەشدارییکردنیان بە بڕیاری هیچ کەس و وڵاتێک نییە.
 
ئێران داوای لە یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ناسراو بە فیفا کردووە، یارییەکانی لە ئەمریکاوە بگوازرێتەوە بۆ مەکسیک. مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران دووپاتیکردەوە، گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەکەن، بەڵام فیفا بە میدیا ئینگلیزییەکانی گوتووە پلانێکیان بۆ گۆڕینی شوێنی یارییەکان نییە و پێشنیازەکەی ئێران رەتکراوە دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە