رووداو دیجیتاڵ
دوای تیپەڕبوونی دوو رۆژ بەسەر کلاسیکۆدا، هێشتا هەندێک نهێنی پشت پەردەی تایبەت بەو یارییە ئاشکرا دەبن. یەکێک لەو نهێنیانە لەلایەن رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵەوە ئاشکرا کراوە و دەڵێت "جود بێلینگهام لە یارییەکەدا بێڕێزی بە کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری کردووە".
لە شەوێکی پڕ لە ورووژاندن و دراما و نائومێدیدا، ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا بەئەنجامی 3-2 بە بارسێلۆنا دۆڕا، دوای ئەوەی یارییەکە چووە کاتی زیادکراوەوە. یارییەکە لە هەموو وردەکارییەکدا جێگەی سەرنج بوو، هەردوو یانە بەدرێژایی یارییەکە بەیەکسانی یارییەکەیان ئەنجامدا، بەڵام لە کۆتاییدا بارسێلۆنا گۆڵی بردنەوەی کرد و نازناوەکەی بردەوە.
یەکێک لە گرنگترین ئەو ساتانەی کە ئاراستەی یارییەکەی گۆڕی، هەڵەیەکی کارەساتبار بوو کە ئەنتۆنیۆ رۆدیگێری بەرگریکاری ئەڵمانی ئەنجامیدا. ئەم هەڵەیە کە لە کاتێکی گرنگی یارییەکەدا روویدا، رێگەی بە فێران تۆرێس دا لەدوا خولەکەکاندا گۆڵی یەکسانکردنەوەی بارسیلۆنا تۆماربکات، دواتر یارییەکە گۆڕا بۆ درامایەکی نائومێدکەر بۆ ریال مەدرید.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی، گەورەترین دیاردەی سەیر و پێشبینینەکراوی یارییەکە کاردانەوەی جود بێلینگهامی ئەستێرەی لاوی ریال مەدرید بوو، کە دوای ئەم هەڵە گەورەیە نەیتوانی تووڕەیی خۆی کۆنترۆل بکات.
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، لەکاتێکدا کە ریال مەدرید بەئەنجامی 2-1 لەپێش بووە، بێلینگهام چووەتە لای کارلۆ ئەنچێلۆتی و داوای لێکردووە دەستبەجێ گۆڕانکاری بە رودیگێر بکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە یاریزانەکە بەپێکانەوە یاری دەکرد و ئاستێکی خراپی پێسکەش دەکرد.
بێلینگهام کە بەتەواوی سەرنجی لەسەر یارییەکە بوو، پێیوابوو رودیگێر مەترسی ئەوەی هەیە هەموو ئەوەی خۆی و هاوڕێکانی پێشکەشیان کردووە بە هەڵەیەک مایەپوچ بکات، بەڵام ئەنچێلۆتی لەو کاتەدا وەڵامی داواکارییەکەی بێلینگهامی نەداوەتەوە و رێگەی بە رودیگێر داوە بەردەوام بێت لە یاریگادا، کە دواجار بارسێلۆنا توانی گۆڵی یەکسانبوون تۆمار بکات.
بەگوێرەی دیفێنسا سێنتڕاڵ کاتێک بارسێلۆنا گۆڵی یەکسانبوونەوەی تۆمارکردووە، بێلینگهام نەیتوانیوە کۆنترۆلی خۆی بکات و بەسەر راهێنەرە ئیتاڵییەکەدا تەقیوەتەوە و پێیگوتووە "پێمگوتی، بەڵام گوێت لە من نەگرت، هەموو شتێک لەناوچوو".
ئەگەرچی ئەم قسانەی گەنجە ئینگلیزەکە ئاماژەیەکی روون بوون بۆ دڵسۆزی ئەو بەرامبەر یانەکەی، بەڵام ئەوانەی نزیک بوون لە ئەنچێلۆتی تووشی شۆک بوونە لەو هەڵوێستەی بێلی، چونکە بەشێوازێکی زۆر ناشیرین هاواری بەسەر راهێنەرەکەیدا کردووە، کە ئەوان پێیانوابووە بێلینگهام بێڕێزی بە ئەنچێلۆتی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ