بۆچی ریال مەدرید سوورە لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ ستیلەر؟

28-05-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن ئەنجێلۆ ستیلەر
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجێلۆ ستیلەر، یاریزانی ناوەڕاستکاری ئەڵمانی تەمەن 23 ساڵ بووەتە جێگای سەرنجی یانەی ریال مەدرد، چابی ئەلۆنسۆ دەیەوێت بەزووترین کات بیباتە ریزەکانی یانەکەی.
 
ریال مەدرید بەهۆی وازهێنانی تۆنی کرووس لە هاوینی رابردوو و ماڵئاوایی لوکا مۆدریچ لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، لە هێڵی ناوەڕاستدا کێشەی بۆ دروست دەبێت و دەیەوێت لەگەڵ یاریزانان ڤالڤێردی و جود بێلینگهام، ناوەڕاستکارێکی چالاک زیادبکات و چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری نوێی مێرێنگی، ئەنجێلۆ ستیلەری ئەڵمانی بەباشترین بژاردە دەزانێت.
 
بەپێی سەرچاوەکان، هۆکاری ویستی هێنانی ئەو یاریزانە بۆ یانە ئیسپانییەکە بەپلەی یەکەم بۆ شارەزایی چابی ئەلۆنسۆ لە ستایلی یارییکردنی ئەو یاریزانە دەگەڕێتەوە، چونکە ئەو راهێنەرە زیاتر لە دوو وەرز لە بۆندێسلیگا بووە و توانای یاریزانانی خولەکە دەزانێت.
 
ئەلۆنسۆ، شارەزاییەکی تەواوی لەسەر ئەو یاریزانە هەیە و پێیوایە، شێوازی یاریکردنی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید دەگونجێت و دەتوانێت لە هێڵی ناوەڕاستدا دینامیکیەت و وزەیەکی زۆر دروست بکات.
 
ستیلەر بەوە ناسراوە کە کۆنتڕۆڵکردنی تۆپی زۆر باشە و بە ئەستەم تۆپ لەژێر کۆنتڕۆڵی قاچەکانی دەڕوات، هەروەها خێرایە لە بڕیارداندا، لە ئەڵمانیا شێوازی یاریکردنی بەشێوازی یارییکردنی تۆنی کرووس دەچوێنرێت.
 
چابی ئەلۆنسۆ کە ستایلی دڵخوازی یارییکردنی بریتییە لە تۆپی پێی بەکۆمەڵ و هەمیشە لە لێدوانەکاندا باسی ئەوەی کردەووە کە دەبێت سەرەتا هاندەران چێژ لە تۆپی پێ وەربگرن. ئینجا سەرکەوتن، تا وەکو هەموو شتێکی جوان تێکەڵ بە تۆپی پێ ببێت، پێیوایە ئەو یاریزانەی یانەی شتوتگارت، باشترین بەربژێرە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ناوەڕاستی ریال مەدرید، کە لەدوای رۆیشتنی تۆنی کرووسەوە هەست بەبوونی کێشەی زۆر دەکرێت تێیدا.
 
تۆنی کرووس پێشتر، ستایشی تواناکانی ستیلەری کردووە و بە "یاریزانێکی بەسوود بۆ ریال مەدرید" ناویبردووە.
 
ئەنجێلۆ ستیلەر، لە وەرزی ئەمساڵدا، 11 ئاسیستی هەبووە، هەروەها چوار گۆڵی تۆمارکردووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە