لیڤەرپوول بە بوندێسلیگا خۆی نوێدەکاتەوە

28-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیڤەرپوول
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی لیڤەرپوول دەیەوێت بۆ وەرزی داهاتوو خۆی بەهێزتربکات و لەسەر داوای ئارنێ سڵۆت، راهێنەری یانەکەش داوای چەند ئەستێرەیەک دەکات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا و ئەڵمانیا، یانەی لیڤەرپوول هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی خولی ئەڵمانیا دەستپێکردووە و یانەکەی داوای 80 بۆ 100 ملیۆن یۆرۆ دەکات.
 
لیڤەرپوول چاوی لە تواناکانی هوگۆ ئیکیتیکێ، هێرشبەری فەرەنسی و یانەی ئینتراخت فرانکفۆرتی کردووەتە ئامانج و دەیەوێت بۆ بەهێزکردنی هێڵی پێشەوەی یانەکەی ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی، بەپێی میدیای ئەڵمانیا، یانەکەی ئامادەنییە بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت و کەمترین پارە کە داوای دەکات 80 ملیۆن یۆرۆیە.
 
هەوڵەکانی لیڤەرپوول بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە لەکاتێکدایە، جێریمی فریمپۆنگ لە لیڤەرپوولە و چاوەڕواندەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوودا بەفەرمی گرێبەستەکەی رابگەیێنرێت، جگە لەوەش چاوەڕواندەکرێت یانە ئینگلیزییەکە دەستبەرداری داروین نونێز و دیۆگۆ جۆتا ببێت.
 
جگە لە لیڤەرپوول، یانەی چێڵسی داوای ئەو یاریزانە دەکات و دەیەوێت هێرشبەرەکە بباتە ستامفۆرد بریچ.
 
لیڤەرپوول دوای بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئینگلتەرا، دەیەوێت یاریزانی نوێ بگوازێتەوە، دوو دیارترین ئامانجی ئێستای یانەکەش گواستنەوەی فلۆریان ڤیرتز و هوگۆ ئیکیتیکییە.
 
هوگۆ ئیکیتیکی تەمەنی 22 ساڵە، لەم وەرزەی خولی ئەڵمانیادا 15 گۆڵی بۆ ئینتراخت فرانکفۆرت تۆمارکرد، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی لە هاوینی 2029 کۆتاییدێت و نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەدا دەگاتە 55 ملیۆن یۆرۆ.


 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە