ڤیدیۆ؛ ئەو ناوبژیوانەی سنوورەکانی وڵاتەکەی بڕی و ئێستا کار بۆ پێشخستنی تۆپی پێ دەکات

28-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
راڤشان ئیرماتۆڤ
راڤشان ئیرماتۆڤ
نیشانەکردن راڤشان ئیرماتۆڤ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ماوەی چەندین ساڵ یەکێک بوو لە دیارترین ناوبژیوانەکانی تۆپی پێ لەسەر ئاستی جیهان، لە وڵاتێکی ئاسیای ناوەڕاستەوە توانیی ببێتە یەکێک لە باشترین ناوبژیوانەکان و لە هەموو پاڵەوانێتییەکی فیفادا جێگەی خۆی بکاتەوە و ئێستاش کار بۆ پێشخستنی تۆپی پێی وڵاتەکەی دەکات، ئەو کەسەر راڤشان ئیرماتۆڤ، ناوبژیوانی پێشووی ئوزبەکستانی و جێگری یەکەمی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەیە.
 
ئیرماتۆڤ لە 1977 لە تاشقەندی پایتەختی ئوزبەکستان لە دایکبووە، لە تەمەنی 23 ساڵیدا دەستی بە کاری ناوبژیوانی کردووە و تاوەکو ساڵی 2019 یەکێک بووە لە ناوبژیوانە سەرەکی و دیارەکانی خولی ئوزبەکستان، بەڵام گرنتر لەوە لەو ماوەیەدا، ئیرماتۆڤ سنوورەکانی خولی وڵاتەکەی بڕی و لەسەر ئاستی ئاسیا و جیهان ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد، کە هۆکاری سەرەکیی ئەوەبوو ناوبژیوانێک هۆشیار، بەهێز و خاوەن بڕیاری یەکلاکەرەوە بوو.
 
ئیرماتۆڤ لەو ناوبژیوانە دەگمەنانەیە کە فیفا متمانەیەکی تەواوی پێی هەبوو، ئەوەش بووە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی ناوبژیوانە ئوزبەکستانییەکە زۆرباشتر بچێتە پێشەوە و لە مۆندیالەکانی 2010ـی باشووری ئەفریقا 5 یاری و لە مۆندیالی 2014 چوار یاری و لە مۆندیالی 2018 دوو یاری بەڕێوەببات، کە دیارترینیان یارییەکەی هۆڵەندا و ئۆرۆگوای بوو لە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی 2010 و یاریی ئەرجەنتین و کرواتیا بوو لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2018.
 
راڤشان ئیرماتۆڤ لە مێژوودا 11 یاریی مۆندیالی بەڕێوەبردووە، دەیان یاریی دیکەشی لەسەر ئاستی وڵاتەکەی، ئاسیا و پاڵەوانێتییەکانی فیفا بەڕێوەبرد و زیاتر لە جارێک خەڵاتی باشترین ناوبژیوانی ئاسیای بەدەستهێناوە.
 
ساڵی 2019 ئیرماتۆڤ واز لە کاری ناوبژیوانی دەهێنێت و راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی لیژنەی ناوبژیوانانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، دوای ئەوەش پۆستی جێگری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکەی وەردەگرێت.
 
بەهۆی ئەزموونی کارامەیی راڤشان لە کارکردن و تێگەیشتن لە تۆپی پێ، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا تۆپی پێی ئوزبەکستان پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینی، سەرۆکی فیفا سەردانی وڵاتەکەی کرد، ئوزبەکستان لە ئاستی تازەپێگەیشتوواندا گەیشتە مۆندیال، تیپی لاوانی وڵاتەکە بووە پاڵەوانی ئاسیا و چووە مۆندیال، جگە لەوەی میوانداریی چەندین پاڵەوانێتیی جیاوازی دیکە لەسەر ئاستی ئاسیا دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە