رووداو دیجیتاڵ
بەپێی شیکردنەوەکانی کۆمپانیای ئۆپتای تایبەت بە داتا و زانیارییە وەرزشییەکان، پاریس سانجێرمان نزیکترین بەربژێری بردنەوەی مۆندیالی یانەکانە.
ئۆپتا، کۆمپانیایەکی ناسراوی بەریتانییە و کار لەسەر پێشبینی و شیکردنەوەی رووداوە وەرزشییەکان دەکات، لەسەر بنەمای داتا و ژمارەکان، شیکردنەوەکانی ئەوان هەردەم جێی سەرنج بوون و مشتومڕی زۆریان لێکەوتووە، لەگەڵ هەر ریزبەندی و پێشبینییەکی ئۆپتا، دیبەیتی راستگۆیی ژمارەکان و کاریگەرییان لەسەر داهاتوو دەکرێتەوە.
رێژەی ئەگەری بردنەوەی مۆندیالی یانەکان بەپێی ئۆپتا:
پاریس سانجێرمان 20.6٪
ئەو یانە فەرەنسییەی کە سەرکەوتوو بوو لەوەی چامپیۆنزلیگ، خولی فەرەنسا و جامی فەرەنسا بباتەوە، دوای سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16 بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ، پێشبینی دەکرێت بە ئاستە بەهێزەکەی، چوارەم نازناوی وەرزەکە بباتەوە.
مانچێستەر سیتی 20.4٪
یانەی مانچێستەر سیتی دوای ئەوەی وەرزێکی خراپی پێشکێشکرد، کۆمەڵێک گواستنەوەی ئەنجامدا، گرنگترینیان، رەیان چێرکی، رەیان ئایت نوری و تیجانی رایندەرز بوون.
ئەو یانەیە بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ و ئاستێکی نایاب، بە یەکەمی کۆمەڵەکەیان سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16ی مۆندیال.
ئینتەرمیلان 12.4٪
یانەی ئینتەرمیلان دوای دۆڕانی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بە ئەنجامی 5-0 بەرامبەر پاریس سانجێرمان، گورزێکی کوشندە لە متمانەبەخۆبوونی یاریزانەکانی درا و بەرپرسانی یانەکە، چەند جارێک جەختیان لەوە کردەوە کە هێشتا یاریزانەکانیان لە شۆکی ئەو یارییە دەرنەچوون، بەڵام سەرەڕای گۆڕینی راهێنەرەکەیان و چوونی چیڤو بۆ مەشقدانی یانەکە، ئۆپتا پێیوایە ئەوان سێیەم نزیکترین بەربژێری مۆندیالن.
بایرن میونشن 11.3٪
یانەی بایرن میونشن سەرەڕای دۆڕانی بەرامبەر بێنفیکا، توانی بە پلەی دووەم سەرکەوێت بۆ قۆناخی 16 و لە رووبەڕووبوونەوەیەکی ئاگریندا لەگەڵ فلامێنگۆی بەرازیلی یاریبکات.
چێڵسی 10.4٪
یانەی چێڵسی توانی لە کۆمەڵەی چوارەم دەربازبێت و وەک پلەی دووەم، دوای یانەی فلامێنگۆ، بگاتە قۆناخی 16، لەو قۆناخەشدا یانەیەکی بەرازیلی دیکە چاوەڕێی دەکات و لە یارییەکی ئاگریندا رووبەڕووی فلومینێنسی دەبێتەوە.
ریال مەدرید 9.7٪
ئەوەی سوپرایز بوو بۆ هەمووان، یانەی ریال مەدرید سەرەڕای ئەوەی بە کۆکردنەوەی 7 خاڵ و تۆمارکردنی 7 گۆڵ وەک یەکەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوت، بەپێی ئۆپتا، لە پلەی شەشەم دانراوە لە ریزبەندی ئەو تیپانەی کە زۆرترین ئەگەری بردنەوەی مۆندیالی یانەکانیان هەیە.
بەشێک لە هاندەرانی یانەی ریال مەدرید پێیانوایە ئەم ژمارانە لۆژیکی نین و یانەی ریال مەدرید ئەگەری بردنەوەی زیاترە لەو ژمارەیە.
بۆرووسیا دۆرتموند 5.6٪
یانەی بۆرووسیا دۆرتموند بە کۆکردنەوەی 7 خاڵ، وەک یەکەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوت، بەڵام بەپێی ئۆپتا، ئەوان حەوتەمن لە ریزبەندی ئەو تیپانەی ئەگەری بردنەوەی مۆندیالیان هەیە
بێنفیکا 4.2٪
بێنفیکای پۆرتوگالی، دوای بردنەوەی لە بایرن میونشن و کۆکردنەوەی 7 خاڵ، وەک پلەی یەکەم سەرکەوت بۆ قۆناخی 16ی مۆندیال، بەڵام ئەوە بەس نەبوو بۆ ئەوەی لای ئۆپتا، بەربژێرێکی سەرەکیی بن بۆ بردنەوەی پاڵەوانێتییەکە.
یوڤێنتوس 2.5٪
یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی سەرکەوتوو بوون لەوەی 6 خاڵ لە قۆناخی کۆمەڵەکان کۆبکەنەوە و وەک پلەی دووەم بگەنە قۆناخی 16ی مۆندیال، لەو قۆناخەش رووبەڕووی یانەی ریال مەدرید دەبنەوە، بەپێی ئۆپتا، ئەو یانەیە ئەگەری 2.5٪ هەیە بۆ بردنەوەی نازناوەکە.
پاڵمێراس، فلامێنگۆ، فلومینێنسی، بۆتافۆگۆ، هیلال و مۆنتێری، کەمتر لە 1٪
سەرەڕای ئەوەی یانە بەرازیلییەکان بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوتوون و سەرجەمیان گەیشتوون بە قۆناخی 16ی مۆندیالی 2025، شیکردنەوەکانی ئۆپتا وای بۆ دەچن کە ئەوان ناتوانن رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە بکەن، تەنانەت مۆنتێریی مەکسیکی، و هیلالی سعودیش، رێژەی بردنەوەیان لە 1٪ کەمتر دانراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ