گەنجێکی کورد بەفەرمی وەک بەڕێوەبەری کاری یاریزانانی تۆپی پێ ناسێنرا

28-08-2025
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن محەممەد عوبێد بەڕێوەبەری کاری یاریزانەکان
A+ A-
رووداو دێجیتاڵ 

 

ماڵپەڕی ترانسفێر مارکێت، بەفەرمی گەنجێکی کوردی وەک بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانانی تۆپی پێ لە عێراق ناساند، ئەو بەڕێوەبەرەی کاری یاریزانان بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "ئامانجم ئەوەیە بازاڕگەری یاریزانانی عێراقی گەرمتر بکەم".
 
ئەو گەنجە ناوی محەممەد عوبێدە، تەمەن 25 ساڵە، ماوەی ساڵیک و هەشت مانگە بەشێوەیەکی سەربەخۆ سەرپەرشتی گرێبەستی یاریزانەکان دەکات و ئێستاش وەک باڵیۆزی فەرمی کۆمپانیای تێرم ئەگێنسی بۆ بەرهەمهێنانی یاریزان کاردەکات. 
 
محەممەد عوبێد لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "بوون بە بەڕێوبەری کارەکانی یاریزانان ئەرکێکی گرنگە و لەهەمان کاتیشدا هەستیارە، من وەرزی رابردوو زیاتر وەک بەڕێوبەری کاری یاریزانان لە کەنداو چالاک بووم، ئەو تیپانەی کەنداو هەر کاتێک ویستبێتیان گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی عێراقیدا بکەن، پەیوەندییان بە منەوە کردووە، ئێستاش چەند تیپێک کە لەگەڵ من لە پەیوەندیدان، هەریەک لە یانەکانی خالیدی بەحرەینی، سیبی عومانی، قادسییەی سعودی و مقاولونی مسڕی". 
 
ئەو بەڕێوەبەری کارەی کورد، باسی ئەوەی بۆ رووداو سپۆرت کرد کە چەند یایریزانێکی کورد بوونەتە جێگە بایەخی یانەکانی عێراق و دەرەوەی عێراقیش، یاریزانێکی یانەی هەولێر بە نموونە دێنیتەوە و دەڵێت "موستەفا قابیل، ئەم وەرزە زۆرترین چاوی لەسەر بوو لەلایەن یانەکانی دەرەوەی عێراق، و تەنانەت لە دەرەوەی ئاسیا وەک یانەی ئەمەدۆرای پۆرتوگالی، کە بەڕێوبەری یانەکە بەشێوەی راستەوخۆ چاودێری موستەفای دەکرد و تەنانەت یارییەکانیشی سەیر دەکرد، ئەو یانەیە لە پەیوەندی دابوون لەگەڵم، بەڵام درەنگ تەواوبوونی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەو یانەیەی ساردکردەوە لە هەوڵەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکە" . 
 

عوبێد، ئێستا یەکێکە لە ئەندامانی تێرم ئەگێنسی، کە ئەو کۆمپانیایە گرێبەستێکی تایبەتی پێشکێشکردووە، لەسەر ئەم بابەتە و دەڵێت "ئەم کۆمپانیە جیهانییە کە لقیکی لە وڵاتی تورکیا هەیە، لەوێوە گرێبەستێکم پێشکێشکرا بۆ ماوەی چوار ساڵ، بۆ ئەوەی هەر گرێبەستێک لە عێراق بۆ وڵاتانی دەرەوە بکرێت، من وەک باڵیۆزی ئەم کۆمپانیایە بم لە عێراق". 
 
بەشێکی تایبەت بە ماڵپەڕی ترانسفێر مارکێت تەرخانکراوە بە گرێبەستی یاریزان، ئەم ساڵیش محەممەد عوبێد و خانمێکی دیکە وەک بەڕێوەبەری کاری یاریزانەکان لەو ماڵپەڕە تۆمارکران. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە