یاریزانانی بارسێلۆنا دوای کلاسیکۆ پەسنی یاریزانێکی ریال مەدریددیان داوە

28-10-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کلاسیکۆ ئۆریلیێن چوامینی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یاریزانانی بارسێلۆنا دوای تەواوبوونی یاریی کلاسیکۆ، لە ژووری جلگۆڕیندا پەسنی تەنیا یەک یاریزانی ریال مەدریدیان داوە و گوتوویانە "کێشە دروست ناکات!".
 
دوای یاریی کلاسیکۆ، کە ریال مەدرید بەئەنجامی 2-1 لە بارسێلۆنای بردەوە، کێشە و شەڕ لەنێوان چەند یاریزانێکی هەردوو تیپدا دروست بوو، و ژووری جلگۆڕینی هەردوو تیپەکە بۆچوونە جیاوازەکانیان لەسەر رووداوەکانی یارییەکە نیشاندا، بەتایبەت دوای لێدوانەکانی لامین یامالی پێش یارییەکە، بەڵام هەندێک کەس لێدوانەکانیان تەنیا وەک قسە سەیرکرد و پێیانوابوو شایەنی ئەوەنین ببنە هۆکاری کێشە و شەڕ.
 
یەکێک لەو یاریزانانە ئۆرێلیان چوامینی، یاریزانی ناوەڕاستی فەرەنسی لە ریال مەدرید بوو کە رەتیکردەوە زۆر کاردانەوەی بەرامبەر لێدوانەکانی یامال نیشان بدات، بەوەی بە بەشێک لە سروشتی تۆپی پێی دەزانێت. 
 
چوامینی لە لێدوانێکدا دوای یارییەکە، گوتی "ئەگەر دەیەوێت قسە بکات، با قسە بکات. یارییەکە لەسەر زەوی یاریگا دەکرێت". ئەو دووپاتیکردەوە کە هیچ نیەتێکی خراپ لە پشت قسەکانی یاریزانە گەنجەکە نابینێت، بەڵکو بە بەشێک لە کێبڕکێی وەرزشی دادەنێت، و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە شتانە بەشێوەیەکی سروشتی لە یارییە گەورەکاندا روودەدەن، بەتایبەتی کلاسیکۆ.
 
لەبارەی ئەو گرژییەی لە یارییەکەدا روویدا، چوامینی روونیکردەوە کە سەرسام بووە بەو ناکۆکیانە و گوتی "زۆر بە دڵم بوو. تەنانەت لە کۆتایی یارییەکەشدا هەندێک ناکۆکیمان لە نێوان یاریزانەکاندا بینی و یارمەتی یەکدیمان دا بۆ کێبڕکێ، جونکە ئەوە سروشتی تۆپی پێیە، گرنگ ئەوەیە نیازەکان خراپ نەبن. کاتێک من بچووکیش بووم، ئەم شتانەم دەدەیت". هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە خۆی لە لێدوانەکانی یامال تووڕە نەبووە و گوتی "قسەکانی لامینم بەدڵ بوو، چونکە تەنیا قسەن و هیچ نیەتێکی خراپ نییە".
 
وادیارە چوامینی پێیوایە هەموو ئەمانە بەشێکن لە کەشوهەوای یارییە بەهێزەکان و نابێت بەجدی وەربگیرێن. لێدوانەکانی هۆشیاری لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخانە نیشاندا، و جەختی لەوە کردەوە کە نیازی نییە بەشداری لە دروستکردنی مشتومڕی زیاتر لەسەر ئەم بابەتەدا بکات.
 
ئەم هەڵوێستەی چوامینی بووەتە جێگەی رەزامەندی و سەرسامی یاریزانانی بارسێلۆنا و لەنێو خۆیاندا زۆر ستاییشی ئەو یاریزانەی ریال مەدریدییان کردووە و گوتوویانە تاکە یاریزانی ریال مەدرید بووە کە حەزی لە شەڕ و ناکۆکی نەبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە