مێسی یەکلایی دەکاتەوە، بەشداری لە مۆندیالدا دەکات؟

28-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەشداریکردنی لە مۆندیالی 2026 ئاشکرا کرد.
 
مێسی تاوەکو ئێستا بەشداریی لە پێنج مۆندیالدا کردووە و هەموو هاندەرانی ئەرجەنتین چاوەڕێن بۆ ئەوەی یاریزانەکە لە مۆندیالی 2026 ببیننەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەکە مۆندیالی 2022ـی بەدەستهێنا.
 
مێسی لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی ئەمریکی لەبارەی بەشداریکردنی لە مۆندیالدا گوتی "لە راستیدا بەڵێ، بەشداریکردن لە جامی جیهانیدا شتێکی بێ وێنەیە، دەمەوێت لە رووی جەستەییەوە بەباشی ئامادەبم و رۆڵێکی گرنگم هەبێت لە هەڵبژاردەکەدا، بەڵام کاتێک زانیم 100٪ ئامادەم و توانای ئەوەم هەیە هاوکاریی تیپەکە و هەڵبژاردەی نیشتمانی بکەم، ئەو کاتە بڕیاری خۆم دەدەم."
 
لیۆ زیاتر گوتی "بەدڵنیاییەوە زۆر بەپەرۆشم و دەمەوێت بەشداری بکەم، چونکە جامی جیهانییە، ئەگەر بتوانم بەرگری لە نازناوەکە بکەم، ئەوە شتێکی سەرسوڕهێنەرە و هەمیشە خەون بە یارییکردن بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانییەوە دەبینم، بەتایبەت لە پاڵەوانێتییە فەرمییەکاندا."
 
مێسی دەڵێت "هیوادارم خوا ئەو هەلەم پێبدات، جارێکی دیکە بەشداری لە مۆندیالدا بکەمەوە، بردنەوەی مۆندیال دەستکەوتێک هەمیشە خەونم پێیەوە دەبینی و لە هەر یاریزانێک بپرسی خەونت جییە، پێت دەڵێت، بوون بە پاڵەوانی جیهان."
 
پۆلگا لە کاروانی یارییکردنیدا لە مۆندیالدا 26 یاریی لەنێوان مۆندیالی 2006 بۆ 2022 ئەنجامداوە، خاوەنی 13 گۆڵ و 8 ئاسیستە و چوار گۆڵی دیکەی پێویستە بۆ ئەوەی ببێتە گۆڵکاری مێژوویی مۆندیال و پێش میرۆسلاڤ کلۆزە بکەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە