رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیسپانیا، بۆچوونی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەیان، لەبارەی کێشەی نێوان دانی کارڤاخال و لامین یامال ئاشکراکرد.
لە یەکەم کلاسیکۆی وەرزی ئەمساڵدا، لە دوای یارییەکە، گرژی و دەمەقاڵە لە نێوان دانی کارڤاخال، کاپتنی ریال مەدرید و لامین یامال، ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا روویدا، پاشئەوەی لامین بەر لە یارییەکە، ریال مەدریدی بە "دزیکردن و پاشان گلەیی کردن" تۆمەتبارکردبوو.
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا هیوادارە، گرژییەکانی نێوان کارڤاخال و لامين یامال پەرە نەسێنێت و کاریگەری لەسەر یەکڕیزیی هەڵبژاردەی ئیسپانیا نەبێت.
کارڤاخال لە دوای کلاسیکۆ، بە لامین یامالی گوت، زۆر قسە دەکەیت و لە یاریگەدا هیچت پێ نییە.
بەپێی سەرچاوەکان، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بە نیگەرانییەوە لەو گرژییەی نێوانی یاریزانانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا دەڕوانێت، هیوادارە گرژییەکان پەرە نەسێنێت و ناکۆکیی نێوان کارڤاخال و لامين یامال کورتخایەن بێت، بۆ ئەوەی کاریگەری نەرێنی دروستنەبێت لەسەر ئەو هەڵبژاردەیەی خۆی بۆ مۆندیالی 2026 ئامادە دەکات.
سەرچاوەکان دەڵێن، فیدراسیۆنەکە پێیوایە ئەوەی روویداوە کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی نێوان یاریزانان لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا نابێت.
فیدراسیۆنەکە، پەسنی تواناکانی کارڤاخالیان وەک کاپتنی هەڵبژاردەکە داوە و پێزانینیان بۆ رۆڵی گەورەی ئەو هەبووە.
لە بەرامبەردا، وەک هەمان ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، لویس دی لافوێنتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، پێیوایە لامین و دانی دوو یاریزانی پیشەگەرن و دوو کەسی باش و بەڕێزن، لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی هەڵبژاردەکەن و دەتوانن ناکۆکییەکانی نێوانیان بەئاسانی تێپەڕێنن.
ئەگەرچی دوای یارییەکە، ژمارەیەک لە یاریزانانی بارسێلۆنا، لەنێویاندا لامین یامال، ئەنفۆڵۆی کارڤاخالیان کرد لە ئینستاگرام، بەڵام رافایێل لوزان، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ئاماژەی بەوەداوە، رووداوەکەی رۆژی یەکشەممەی نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، یەکڕیزیی نێو هەڵبژاردەی ئیسپانیا تێکنادات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ