ئامەدسپۆر لەبەردەم هەلێکی گەورەیە و دەیەوێت بچێتە پێشەنگ

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئامەدسپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی بچێتە پێشەنگی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا، کاتێک لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی ئیدر یاریی دەکات.
 
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی 19ـی خولی پلە یەکی تورکیا، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی ئیدر یاریی دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و بچێتە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە، بەتایبەت کە یانەی پێندیک سپۆر بەرامبەر یانەی ئیرۆک سپۆر یەکسانبوو و دوو خاڵی گرنگی لەدەستدا.
 
یارییەکە کاژێر 19:00 لە ئامەد بەڕێوەدەچێت، دوو یانەی باکووری کوردستان، ئامەدسپۆر و ئیدر رووبەڕووی یەکدەبنەوە، هەردوو تیپ رکابەری لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە دەکەن و دەیانەوێت سێ خاڵی دیکە ببەنەوە، بەتایبەت یانەی ئامەدسپۆر، چونکە بەبردنەوەی یارییەکە دەچێتە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە.
 
یاریزانانی ئامەدسپۆر رۆژی شەممە لەژێر بەفر و باران دوایین مەشقەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا و بە تەواوی بۆ یارییەکە ئامادەن.
 
جگە لەوە پێشتر یانەی ئامەدسپۆر رایگەیاندبوو، ئامادەبوونی هاندەران لە یارییەکە بێبەرامبەر دەبێت، وەکو پاڵپشتییەک بۆ لەیلا زانا، سیاسەتمەداری نێوداری کورد، دوای ئەوەی لە یاریی بورساسپۆر و سۆما سپۆر لە خولی تورکیا رەگەزپەرستیی لە دژی بەکارهێنرا.
 
ئامەدسپۆر بەر لەم یارییە لە 18 یارییدا خاوەنی 11 بردنەوە، 3 یەکسانبوون و 4 دۆڕان لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 36 خاڵ و تەنیا یەک خاڵ لە یانەی پێندیک سپۆرەوە دوورە و بەبردنەوەی یارییەکە بە جیاوازیی دوو خاڵ پێش ئەو یانەیە دەکەوێت.
 
یانەی ئیدر لە 18 یاریی رابردوودا، 8 بردنەوە، 6 یەکسانبوون و 4 دۆڕانی هەیە، تیپەکە بە 30 خاڵ لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیایە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە