ئەمشەو بارسا دەیەوێت بۆ یەکەمجار لەم وەرزەدا پێشەنگیی لالیگا بەدەستبێنێت

29-04-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بارسێلۆنا گرانادا
A+ A-

رووداو دیجیتال

بارسێلۆنا بەپەرۆشەوە چاوەڕێی یاری ئەمشەوی دەکات، کاتێک کاژێر 20:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی کامپ نو میوانداری گرانادا دەکات. یارییەکە دواخراوی گەڕی 33ـیە، کە بارسا بەهۆی ئەنجامدانی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا یارییەکەی نەکردبوو.

ئەم یارییە گرنگییەکی زۆری بۆ بارسا هەیە، چونکە دەرفەتێکە بۆ کوڕانی رۆناڵد کۆمان بۆ ئەوەی دوای 6 مانگ و بۆ یەکەمجار لەم وەرزەدا پێشەنگی لالیگا بەدەستبێنێت.

ئێستا کە بارسا 6 یاریی لە لالیگادا ماوە، ئەگەر لە تیپی ئەندەلۆسی بباتەوە ژمارەی خاڵەکانی دەکاتە 74 خاڵ و یەک خاڵ پێش ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکەوێت، کە ماوەیەکی زۆرە دەستی بەسەر پێشەنگیدا گرتووە، بارسا هەروەها 3 خاڵ پێش ریال مەدرید و 4 خاڵیش پێش سێڤییا دەکەوێت، کە ئەوانیش هێشتا رکابەری بەهێزی نازناوەکەن.

هەرچەندە یاریزانانی بارسا زۆر ماندوون و یەکشەممەش دەچنە مێستایا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤالێنسیا، بەڵام لەبەرئەوەی لالیگا لە کۆتایی نزیکدەبێتەوە و رکابەریش لە لووتکەدایە، پێناچێت رۆناڵد کۆمان سەرکێشی بکات و پشوو بە هەندێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی بدات، چونکە دەزانێت کە کلیلی بردنەوەی نازناوەکە بەردەوام بوونە لەسەر ئەو ئاستە بەرزی تیپەکەی پێشکەشی دەکات، کە دوای دۆڕاندنی یاریی کلاسیکۆ، دوو یاری لە خیتافی و ڤیاڕیال بردووەتەوە.

ئەو یارییەی بارسا لە کاتێکدایە، کە یانەی گرانادا سەرەڕای ئەوەی ئەم وەرزە ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و هێشتا هیوایەکی هەیە بۆ گەیشتن بە یۆرۆپالیگ، بەڵام ئێستا بەدەست قەیرانی پێکان و ئامادەنەبوونی یاریزانە سەرەکییەکانی دەناڵێنێت، کە 8 یاریزانی بەهۆی راگیران یان پێکانەوە ناتوانن ئەمشەو یاری بەرامبەر بارسا بکەن.

گرنگترین ئەو یاریزانانەی دیێگۆ مارتینزی راهێنەری گرانادا ناتوانێت بۆ ئەم یارییە سوود لە تواناکانیان وەربگرێت، بریتین لە ئانخێل مۆنتۆرۆ، ئەنتۆنیۆ پویرتاس بەهۆی کەڵەکەبوونی کارت، لویس میا، ئەلبێرتۆ سۆرۆ، خیسۆس فاییخۆ، کارلۆس نیڤا، دۆمینگۆس دوارت و نیدەر لۆزانۆ بەهۆی پێکانەوە.

ئەوەی زیاتر گەشبینی بە لیۆنێل مێسی و هاوڕێکانی دەدات ئەوەیە کە گرانادا 26 یاری پێشووی خۆی لە کامپ نودا دۆڕاندووە و تەنانەت نەیتوانیوە لە یارییەکدا یەکسانیش بێت، بەڵام بارسا مەترسی لەدەستدانی هەندێک یاریزانی هەرە سەرەکی و کاریگەرەکانیشی بۆ یاریی داهاتووی لەسەرە، چونکە هەر چوار یاریزانەکەی، لیۆنێل مێسی، فرێنکی دی یۆنگ، ئانتوان گریزمان و ئۆسکار مینگێزا هەریەکەو 4 کارتی زەردی هەیە و ئەگەر هەریەکێکیان لە یاریی ئەمشەودا کارتێکی دیکە وەربگرێت لە بەشداریکردن لە یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا بێبەش دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی یانەی ئامەدسپۆر

سەرۆکی ئامەدسپۆر: دەزانین ئامەدسپۆر نوێنەرایەتیی چی دەکات

ناهید ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر لەبارەی ئەو پەیامەی یانەکەیان کە تێیدا هاتبوو، "هیوای سەرکەوتن بۆ هەڵبژاردەی تورکیا لە رێگەی گەیشتن بە جامی جیهانی دەخوازین!" رایگەیاند، ئەمە بەرپرسیاریێتییە و لێدوانی لەم شێوەیەیان دەبێت.