بارسێلۆنا هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەک دەستپێدەکات

15-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی یانەی مانچێستەر سیتی دەستپێدەکات و سەرۆکی یانەکەش بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێت، بۆ تەواوکردنی کارەکانی گرێبەستی یاریزانەکە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، بێرناردۆ سیلڤا، ماوەیەکی زۆرە خەون بە یارییکردن بۆ یانە کەتەلۆنییەکە دەبینێت، سەرەڕای ئەوەی کە گواستنەوەی بۆ یانەکە ئاسان نییە.
 
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ نووسیوویەتی "خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەکە و خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانە پۆرتوگالییەکە بەدوای چارەسەرێکی گونجاودا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانی گواستنەوەی یاریزانەکە تەواوبکەن."
 
رۆژی دووشەممەی رابردوو، خۆرخی مێندێز و بێرناردۆ سیلڤا، گڵۆپی سەوزیان بۆ پەیوەندیکردن بە یانەی بارسێلۆناوە هەڵکردووە، چاڤی بە یاریزانەکە سەرسامە و دەیەوێت وەرزی داهاتوو لە تیپەکەیدا یاریی بکات، بەڵام کێشەی دارایی بارسێلۆنا کارەکانی گرێبەستەکە قوڕس دەکات.
 
پێشتر میدیای ئیسپانیا رایگەیاندبوو، یاریزانەکە دووجار تواناکانی خستووەتە بەردەم دەستەی کارگێڕیی بارسێلۆنا، بەڵام بەهۆی کێشە داراییەکانەوە بارسا هیچ وەڵامێکی ئەرێنیی نەبووە.
 
جگە لە یانەی بارسێلۆنا، هەردوو یانەی هیلالی سعودی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، ماوەیەکی زۆرە کار بۆ گواستنەوەی یاریزانە پۆرتوگالییەکە دەکەن، بەڵام هێشتا بەتەواوی دیارنییە وەرزی داهاتوو بێرناردۆ سیلڤا لە کام خول و یانە یارییدەکات.
 
بێرناردۆ تەمەنی 28 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی وەرزی لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت، ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا نرخەکەی دەگاتە 80 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام مانچێستەر سیتی داوای 100 ملیۆن یۆرۆ دەکات بۆ دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە.





کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە