ناوبژیوانانی لالیگا بەفەرمی دان بە هەڵەکانیاندا دەنێن

29-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ناوبژیوانانی لالیگا هەڵەی ناوبژیوان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێدەچێت مشتومڕی ناوبژیوان لە خولی ئیسپانیا بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئاشکرایکرد کە لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەی نێوان لیژنەی ناوبژیوانان و ناوبژیوانانی خولی ئیسپانیادا دان بەوەدا نراوە کە چەندین هەڵە لە حاڵەتەکانی ئۆفسایددا روویانداوە.
 
دیارترین دۆسیەی مشتومڕاوی لە یارییەکانی لالیگادا دوایین یاریی ئیلکلاسیکۆی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا بوو، بەتایبەتی گۆڵێکی لامین یامالی یاریزانی بارسێلۆنا، کە تۆپێکی ئاراستەی گۆڵی ریال مەدرید کرد و بەخێرایی لەلایەن گۆڵپارێزی مێرێنگێیەوە گەڕێنرایەوە، یاریزانەکانی بارسێلۆنا داوای ئەوەیان کرد بە گۆڵ هەژماربکرێت، گوایە تۆپەکەی لامین بەتەواوی هێڵی گۆڵی تێپەڕاندووە، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی ناوبژیوان بۆ تەکنەلۆژیای VAR گۆڵەکەی رەتکردەوە بەپاساوی ئەوەی هیچ کامێرایەکی نێو یاریگە حاڵەتەکە بەتەواوی دەرناخات.
 
ئەم دۆخە وایکرد بەیاننامەیەک لەلایەن یانەی بارسێلۆناوە دەربکرێت و هەڕەشەی ئەوەی  کرد کە رێوشوێنی بەهێز دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی یارییەکە دووبارە بکرێتەوە ئەگەر بسەلمێنرێت کە بڕیارەکەی ناوبژیوان هەڵەیە.
 
بەگوێرەی رادیۆی کۆپێ، لیژنەی تەکنیکی ناوبژیوانان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ناوبژیوانانی سەرەکی و یاریدەدەری ناوبژیوانانی لالیگا، دانیان بەوەدا ناوە کە لە 4 یان 5 حاڵەتی ئۆفسایددا هەڵەیان کردووە، بەهۆی ئەوەی هێڵەکانیان بەهەڵە کێشاوە، بەڵام ئاماژەیان بەوە نەکردووە کە ئایا بێجگە لە ئۆفساید لە حاڵەتەکانی دیکەشدا هەڵەیان کردووە یان نا، بەتایبەتیش گۆڵە رەتکراوەکەی لامین یامال لە کلاسیکۆدا.

 

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لیژنەی ناوبژیوانان، لە کۆبوونەوەی خۆیدا، روونیکردووەتەوە، ئەو هەڵانە لە یارییەکانی لالیگا و خولی پلەدوودا روویانداوە، بەهۆی کێشانی هەڵەی هێڵەکانی ئۆفساید بەهەڵە.
 
لای خۆیەوە ناوبژیوانی پێشووی ئیسپانیا، ماتیو لاهۆز، لێدوانی لەسەر ئەم راپۆرتە داوە و دەڵێت "ئەگەر لە یارییەکانی خولی ئیسپانیادا 4 یان 5 هەڵەی لەم شێوەیە رووبدات، ئەمە بابەتێکی زۆر جدییە دەبێت کەسێک دەربکەوێت و هەموو شتێک روون بکاتەوە".
 
ئێستا ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی 84 خاڵ پێشەنگی خولی ئیسپانیایە و جیرۆنا بە کۆکردنەوەی 71 خاڵ لە پلەی دووەمدایە و بارسێلۆناش 70 خاڵی هەیە لە پلەی سێیەمدایە و یارییەکی کەمترە، کە ئەمشەو بەرامبەر ڤالێنسیا دەکات و پێویستی بە بردنەوەیە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە پلەی دووەم.
 
یانەی شاهانە پێویستی بە 6 خاڵی دیکە هەیە بۆ ئەوەی بەفەرمی نازناوی لالیگا بەدەستبهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە