لەوانەیە ریال مەدرید بەتووندی سزا بدرێت

50 خولەک له‌مه‌وپێش
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید خولی لالیگا هەڵەی ناوبژیوان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی رووداوەکانی دوایین خولەکەکانی یاریی نێوان ریال مەدرید و سێلتا ڤیگۆ، ئەگەر هەیە ژمارەیەک یاریزانی ریال مەدرید بەتووندی سزا بدرێن.
 
ریال مەدرید لە یاریگەی خۆیدا دووچاری شکست بوو بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ بە دووگۆڵی بێبەرامبەر. یارییەکە لە گەڕی 15ی لالیگا ئەنجامدرا. لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا ژمارەیەک یاریزانی یانەکە کارتی سووریان وەرگرت.
 
ئەلیخاندرۆ کێنتێرۆ، ناوبژیوانی یارییەکە بوو، هەریەکە لە فران گارسیا و ئەلڤارۆ کارێراسی بەدوای یەکدا لە یاریگە کردە دەرەوە، بەرلەوەی کارتی سوور بداتە ئێندریکیش، ئەگەرچی لەسەر کورسیی یەدەگ بوو.
 
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ناوبژیوان وردەکارییەکانی رووداوی کارتە سوورەکانی یاریزانانی ریال مەدریدی لە راپۆرتی خۆیدا لەبارەی یارییەکەوە تۆمارکردووە.
 
ناوبژیوانی یارییەکە لە راپۆرتەکەیدا دەڵێ، لە خولەکی 64 بەهۆی کارتی زەردی دووەمەوە، گارسیا کراوەتە دەرەوە. لە خولەکی 90دا، کارتی زەردی دووەم درایە کارێراس، پاشئەوەی بەرامبەرمان گوتی، "تۆ زۆر خراپیت".
 
ناوبژیوان قسەکەی ئەو یاریزانەی بەبێڕێزی ناوبردووە.
 
ناوبژیوانی یارییەکە، لەبارەی کارتە سوورە راستەوخۆکەی ئێندریکەوە دەڵێ، "لە خولەکی 90 کرایە دەرەوە، پاشئەوەی لەسەر کورسیی یەدەگەوە هەڵسا و چووە بەردەم ناوبژیوانی چوارەم و دەنگی بەسەردا بەرزکردەوە، لە کاتێکدا دەستەی هونەریی ناچاربوون رێگریی لە هەڵچوونەکەی بکەن".
 
ناوبژیوان، لە راپۆرتەکەیدا وردەکاریی نەبینراوی باسکردووە و دەڵێ، "دوای یارییەکە و لە رێڕەوی چوونە ژوورەوە بۆ ژووری ناوبژیوانان، دانی کارڤاخال کە جلوبەرگی ئاسایی لەبەردابوو، هاتە بەردەمم و گوتی، ئەمە ئاستی ئێوەیە و دواتر دەچن لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا دەست بەگریان دەکەن".
 
بەپێی سەرچاوە ئیسپانییەکان، ئەگەر هەیە سەرجەم ئەو یاریزانانەی لە راپۆرتی ئەلیخاندرۆ کێنتێرۆی ناوبژیواندا ناویان هێنراوە، رووبەڕووی سزای جیاواز ببنەوە.
 
لە یارییەکەدا هەریەکە لە چابی ئەلۆنسۆ بەهۆی رەخنەگرتن لە ناوبژیوان، هەروەها رۆدریگۆ، فیدریکۆ ڤاڵڤیردیش کارتی زەردیان وەرگرت.
 
لە دوای یارییەکە، چابی ئەلۆنسۆ، لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی خۆیدا جارێکی دیکە رەخنەی لە ئاستی ناوبژیوانی یارییەکە گرت و گوتی، خراپ بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە