ئەلۆنسۆ بڕیاری دەرکردنی بۆ یاریزانێکی دەرکرد

29-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فێرلان مێندی چابی ئەلۆنسۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری نوێی ریال مەدرید بڕیاری داوە دەستبەجێ یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی تیپەکە دەربکات و یانەکە لە کاتی بازاڕی گواستنەوەی داهاتوودا بیفرۆشێت.
 
لەگەڵ دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ لە یانەی ریال مەدرید بەسەرکردایەتی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ئیسپانی، هێڵکارییەکانی پڕۆژەی تەکنیکی داهاتوو دەستیان بە دەرکەوتن کردووە. 
 
راهێنەرە گەنجەکە هەوڵدەدات تیپێکی هاوسەنگ و یەکگرتوو پێکبهێنێت کە لەگەڵ فەلسەفەی تاکتیکی و ئامانجە ناوخۆیی و ئەورووپییەکانیدا هاوتەریب بێت. لەو چوارچێوەیەشدا ئەلۆنسۆ خواستێکی روونی نیشانداوە بۆ رزگاربوون لە ژمارەیەک یاریزان کە بەشێک نین لە پلانەکانی بۆ وەرزی داهاتوو، یەکەم قوربانیشی فێرلان مێندیی بەرگریکاری فەرەنسییە.
 
راهێنەرە نوێیەکە کە بەوردبینی و تووندی پێکهاتەکەی ناسراوە، هەوڵدەدات ژووری جلگۆڕینەکەی پاکبکاتەوە لە رێگەی دەستبەرداربوون لەو یاریزانانەی بەشداریی پێویستیان پێشکەش نەکردووە یان لەگەڵ شێوازی یاریکردنی خۆیدا ناگونجێن. ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێک بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تیپەکە و دۆزینەوەی شوێن بۆ گرێبەستە نوێیەکان، کە توانای بەهێزترکردنی پێکهاتەکەیان دەبێت.
 
چابی ئەلۆنسۆ بە کارگێڕیی یانەی شاهانەی گوتووە "مێندی بەشێک نابێت لە پلانەکانی من بۆ وەرزی داهاتوو، ئەمەش دەرگا دەکاتەوە بۆ یانەی شاهانە بۆ ئەوەی لەم هاوینەدا بیفرۆشێت".
 
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، ئەلۆنسۆ پێیوایە مێندی لەگەڵ ئەو بیرۆکە تاکتیکییانە ناگونجێت کە دەیەوێت وەرزی داهاتوو لە ریال مەدرید جێبەجێیان بکات. ئەو دەیەوێت پشت بە بەرگریکارێکی باڵی باشتر و داهێنەرتر ببەستێت.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ئیتاڵی متمانەیەکی زۆری بە مێندی هەبوو، بەڵکو بەباشترین بەرگریکاری چەپی جیهان دەزانێت، تەنانەت یانەکە لەسەر داوای کارلیتۆ گرێبەستەکەی تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2028 نوێکردەوە و مووچەی ساڵانەی بەرزکردەوە، بەڵام بە رۆیشتنی ئەنچێلۆتی و هاتنی ئەلۆنسۆ ئەستێرەی مێندی لە ریال مەدرید کوژایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە