رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید لەسەر هەوڵەکانی بۆ رێکخستنەوەی تیپەکەی بەردەوامە و ئەمجارە ئەستێرەیەکی خولی ئەڵمانی دەکاتە ئامانج و تۆنی کرووس، رۆڵی گەورەی دەبێت لە یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکەی.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید لەسەر داوای چابی ئەلۆنسۆ هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی ئانجیلۆ ستیلێر، ناوەڕاستکاری 24 ساڵی یانەی شتوتگارت دەستپێکردووە و دەیەوێت ئەو یاریزانە بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاستی یانەکەی بباتە ریزەکانی.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "ئەلۆنسۆ داوای لە کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید کردووە، یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاست بگوازنەوە و ستیلێر باشترین بژاردەی داواکراوی راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدریدە."
تۆنی کرووس، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید رۆڵی گەورەی هەیە لە پرۆسەی گواستنەوەی ئەو یاریزانەدا و یانەی ریال مەدریدی رازیکردووە بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ بکەن.
سەرچاوەکە دەڵێت "ریال مەدرید بەهێزەوە کار بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەکات و گواستنەوەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە هەوڵەکانی یانەکە بۆ گەڕاندنەوەی نیکۆ پازەوە نییە و یانەکە هەردوو یاریزانەکەی دەوێت."
ئانجیلۆ ستیلێر، ئەڵمانییە و تەمەنی 24 ساڵە، یاریزانەکە لە تیپی لاوانی بایرن میونشن و تیپی یەکەمی هۆفێنهایم یارییکردووە و ئێستا لە شتوتگارتە، لەم وەرزەدا 47 یاریی بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامداوە و 8 گۆڵی تۆمارکردووە، گرێبەستەکەی لەگەڵ شتوتگارت لە هاوینی 2028 کۆتاییدێت و نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 38 ملیۆن یۆرۆ.
هەوڵەکانی ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی ستیلێر لەکاتێکدایە، دوو رۆژی لەمەوبەر دێنیز ئونداڤ، هێرشبەری کوردی یانەی شتوتگارت و هاوڕێی ئەو یاریزانە لە ئاهەنگی بردنەوەی جامی ئەڵمانیادا گوتی "من لە شتوتگارت دەمێنمەوە، بەڵام ستیلێر نا، هەلا مەدرید."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ