ئەمڕۆ رۆژێکی گەورە و تایبەتە بۆ مێسی

29-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ بۆ تۆپی پێی جیهان و مۆندیالی یانەکان رۆژێکی تایبەتە، لیۆنێل مێسی رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە و بەرامبەر پاریس سانجێرمان یاری دەکات.
 
لە سێیەم یاریی قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکاندا، کاژێر 19:00 هەردوو یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
 
یارییەکە بۆ هەمووان زۆر تایبەتە، لەکاتێکدا مێسی رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە، ئەو یانەیەی دوای رۆیشتنی مێسی گوتی "یەک رۆژی خۆشم لە پاریس سانجێرمان بەسەر نەبرد." دوای ئەوەش یاریزانەکە لەلایەن هاندەرانی یانەکەوە رەخنەی زۆری لێگیرا و هێرشی کرایە سەر.
 
مێسی لە 2021 تاوەکو 2023 لە پاریس سانجێرمان یارییکردووە لە 75 یاریی ئەو یانەیەدا 32 گۆڵی تۆمارکرد و 35 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکرد.
 
بەهای پێکهاتەی پاریس سانجێرمان سەرووی 1 ملیار یۆرۆیە، 15 جار زیاتر هێندەی بەهای پێکهاتەی ئینتەرمەیامییە، بەڵام ئینتەرمەیامی خاوەنی لیۆنێل مێسییە، ئەو یاریزانەی 8 باڵۆن دۆری هەیە و یەکێکە لە ئەفسانەکانی مێژووی تۆپی پێ.
 
پاریس سانجێرمان بە یەکەمی کۆمەڵەی دووەم سەرکەوتووە و ئینتەرمەیامی بە دووەمی کۆمەڵەی یەکەم، ئەمە یەکەمجارە هەردوو تیپ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یانە فەرەنسییەکە پاڵەوانی ئەورووپایە و دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە مۆندیالی یانەکاندا بچێتە پێشەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە