دۆن تۆپی پێی هەژاند و نهێنی مانەوەی ئاشکرا دەکات

29-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی باس لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە دەکات و هۆکاری مانەوەی لە یانەکە ئاشکرا دەکات.
 
رۆناڵدۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە سعودییەکە تاوەکو ساڵی 2027 نوێکردەوە و تێچووی کۆی گشتی گرێبەستەکەی دەگاتە 500 ملیۆن یۆرۆ.
 
دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسڕ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ کەناڵی تایبەت یانەکە لە یوتیوب ئەنجامدا و گوتی " لە یەکەم رۆژی هاتنم بۆ ئێرە، بەرپرسیار بووم لەوەی جیاوازی دروستبکەم، نەک تەنیا لە یانەی نەسڕ، بەڵکو لە هەموو سعودیە، ئەوە ئامانجی منە، بێگومان ئامانجی بردنەوەی نازناوی گرنگم لەگەڵ یانەی نەسڕ هەیە و هێشتا باوەڕم بەوەیە، بۆیەش گرێبەستەکەم بۆ دوو ساڵی دیکە نوێکردەوە، چونکە باوەڕوام وایە دەبمە پاڵەوان لە سعودیە."
 
رۆناڵدۆ دەڵێت "وەک دەزانن زۆر دەستەوارەم هەبوو لە مۆندیالی یانەکاندا، بەڵام پێموابوو ئەمە بیرکردنەوەیەکی لۆژیکی نییە، چونکە پێموابوو دەبووایە بەباشی پشوو بدەم و بەباشی خۆم ئامادەبکەم بۆ وەرزی داهاتوو کە زۆر درێژ دەبێت، ئەو وەرزەی کۆتاییەکەی مۆندیالی تایبەت بە هەڵبژاردەکان دەبێت، بۆیە دەمویست بەباشی ئامادەبم، نەک تەنیا بۆ نەسڕ، بەڵکو بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگالیش، بۆیە بڕیارمدا یاری کۆتایی نەیشنسلیگ بکەم و بیر لە هیچ دەستەوارەیەک نەکەمەوە، بەدڵنیاییەوە لەو یانەیە بەردەوامدەبم کە خۆشم دەوێت."
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ باس لە پێشکەوتنەکانی تۆپی پێی سعودیە دەکات و دەڵێت "خولەکە بەردەوامە لە پێشکەوتن، لەو باوەڕەدام ئێستا ئێمە لە پێنج باشترین خولەکانی جیهانین، بەڵام هێشتا لەو باوەڕەدام دەتوانین بەردەوامبین لە گەشەکردن و کاتمان هەیە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەین، جیهان بینیویەتی ئەم خولە لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا بەشێوەیەکی بەردەوام بەرەوپێشەوە چووە، دڵخۆشم چونکە دەزانم خولەکە زۆر رکابەریی تێدایە، تەنیا ئەو کەسانە دەڵێن یەکێک نییە لە باشترین خولەکانی جیهان، کە لە سعودیە یارییان نەکردووە، یان هیچ لە تۆپی پێ تێنەگەیشتوون، بەڵام من لەو باوەڕەدام و 100٪ متمانەم بەو قسانەیە کە دەیکەم."
 
گۆڵکاری نەسڕ زیاتر لەو بارەیەوە قسەیکرد و گوتی "ئەوانەی لەم خولەدا یاری دەکەن دەزانن باسی چی دەکەم، بۆیەش ویستم بمێنمەوە چونکە متمانەم بە پڕۆژەکە هەیە، نەک تەنیا بۆ ساڵی داهاتوو، بەڵکو تاوەکو ساڵی 2034 کە ئامانجەکە میوانداریکردنی مۆندیالە لە سعودیە و باوەڕم وایە جوانترین مۆندیالی مێژوو دەبێت، بۆیە دڵخۆشم بۆ دوو ساڵی دیکە، دەمەوێت رکابەری لەگەڵ باشترین تیپەکانی سعودیە بکەم بۆ ئەوەی خولەکە ببەمەوە و لە کۆتاییدا دەبینین کێ باشترینە."
 
کریستیانۆ باسی وەرزی رابردوو دەکات و گوتی "بێگومان دڵخۆش نین بۆ ئەو شتانەی لە وەرزی رابردوودا روویاندا، ئەمەش شتێکی ئاساییە و ئەگەر ئاواتەخوازین رکابەر بۆ بردنەوە بکەین، دەزانین ئەوەی وەرزی رابردوو کردمان بەس نەبوو، بەڵام ئەوە بووە رابردوو، دەبێت سەرنجمان لەسەر ئێستا بێت، زۆر شت هەیە دەگۆڕین، باوەڕم بە پڕۆژەی نەسڕ و هاندەران هەیە، رابردوو رابردووە، بەڵام ئێمە ئەرێنین، با وا بیربکەینەوە ئەم وەرزە باشترینمان دەبێت، لەو باوەڕەدام وەرزێکی نایابمان دەبێت، نازناوێکی گرنگ بەدەستدەهێنین، بێگومان هاندەران دەبێت لەگەڵمان بن، چونکە لەگەڵ ئەوان زۆر بەهێزتر دەبین."
 
رۆناڵدۆ لەبارەی ماڵباتەکەی و سعودیە دەڵێت "ماڵباتەکەم هەمیشە پاڵپشتیم دەکەن گرنگ نییە هەر بڕیارێک بدەم، نەک تەنیا لە سعودیە، بەڵکو لە هەموو بڕیارەکانی پێشوومدا لەگەڵ یوڤێنتوس، مانچێستەر یونایتد و ریال مەدرید، گرنگترین شت ئەوەیە پشتگیری ماڵباتەکەتت هەبێت، هەروەها ماڵباتەکەم هەمیشە لە بڕیارداندا پشتگیریم دەکەن، بۆیە ئەوە بۆ من گرنگترین شتە، ئەوان لە سعودیە دڵخۆشن، من دڵخۆشم، ئێمە لێرە ژیانێکی نایابمان هەیە، گەلی سعودیە زۆرباش مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن، بۆیەش دەمانەوێت تەواوی ژیانمان لێرە بەڕێبکەین، بەدڵنیاییەوە لەرووی وەرزشییەوە وەکو ئەوەی گوتم ئەم وەرزە نازناوێکی گرنگ دەبەینەوە."
 
لەبارەی ئەگەری چوونە نێو بواری وەبەرهێنان لە داهاتوودا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەڵێت "بۆچی نا، ئەوە بەندە بە زۆر شت و هەلەکانی بەردەست، بەڵام من کەسێکی ئاسایی نیم، ئەگەر راستگۆ بم، زۆرجار بەشێوەی جیاواز بیر لە یاریزانەکان دەکەمەوە و بیرکردنەوەم جیاوازە، وەکو ئەوەی راهێنەر بم، ئێستا دڵنیاتان دەکەمەوە هەرگیز نابمە راهێنەر، بەڵام ناڵێم مەحاڵە، چونکە ئەوە قسەیەکی توند و تیژە، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە ئەوە لە پلانەکانمدا نییە بۆ 5، 10 یان 20 ساڵ، بەڵام وەکو دەزانن ژیان هەمیشە سوپرایز لە خۆیدا دەهێنێت، بۆ ئەوەی بەشێک بم لە گەشەسەندنی ئەم وڵاتە و لەگەڵ ئەم وڵاتە بم، ئەوە دڵنیاییە، من بەشێکم لەم پرۆسەیە، من پۆرتوگالیم، بەڵام سەر بە شانشینی سعودیەم."
 
رۆناڵدۆ دوو وەرز نیو لە یانەی نەسڕ یارییکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ نازناوێکی گرنگی نەبردووەتەوە و بۆ وەرزی نوێ چاوی لە بردنەوەی خولی سعودیە لەگەڵ یانە زەردپۆشەکەدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە