بارسێلۆنا بۆ ئاشکراکردنی درۆیەکی تێرشتیگن پزیشکێک دەنێرێتە فەرەنسا

29-07-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تێرشتیگن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بارسێلۆنا دەستی بە جێبەجێکردنی پلانەکەی کردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی تەندروستی گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکەی مارک ئاندرێ تێرشتێگن، کە ئەمڕۆ سێشەممە، نەشتەرگەری بۆ پشتی ئەنجام دەدات، دوای ئەوەی تووشی کێشەی درێژخایەن بوو لە بڕبڕەکانی خوارەوەی پشتیدا.
 
ئەو نەشتەرگەرییەی بۆ تێرشتێگن ئەنجام دەدرێت، هەنگاوێکی پێویستە و لەلایەن هەموو ئەو پسپۆڕانەوە پێشنیاز کراوە کە گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە راوێژی پێکردوون، کە ماوەی دوورکەوتنەوەی بە 3 مانگ مەزەندە دەکات.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بارسێلۆنا ماوەی چاکبوونەوەکە بە نزیکەی 4 بۆ 5 مانگ مەزەندە دەکات، ئەمەش لەوانەیە رێگە بە یانەکە بدات سوود لە 80%ـی مووچەی تێرشتیگن وەربگرێت بۆ تۆمارکردنی یاریزانی نوێ، ئەگەر لالیگا وەک دوورکەوتنەوەیەکی درێژخایەن هەژماری بکات.
 
پزیشکی یانەکە، ئیگناسیۆ مویکس، کە سەر بە ستافی پزیشکیی تیپی باسکەیە، یاوەری گۆڵپارێزەکەی کردووە بۆ فەرەنسا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری نەشتەرگەرییەکە بکات و سەرپەرشتی ئامادەکردنی ئەو راپۆرتە پزیشکییە بکات کە دواتر بۆ لالیگا دەنێردرێت.
 
بارسێلۆنا پلانی هەیە دوای نەشتەرگەرییەکە بڵاوکراوەیەکی فەرمی دەربکات، بەبێ دیاریکردنی ماوەی دوورکەوتنەوەکەی، ئەمەش هەنگاوێکە جیاوازە لە راگەیاندنەکەی پێشووی تێرشتیگن، کە خۆی ئاشکرای کردبوو نەشتەرگەری دەکات و باسی لە دوورکەوتنەوەی بۆ ماوەی 3 مانگ کردبوو، بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ یانەکەدا.
 
بارسێلۆنا پێیوایە نەشتەرگەرییەکە چارەسەری پێکانەکەی گۆڵپارێزەکە دەکات، کە لە ساڵی 2023 تووشی بووە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە سروشتی راهێنانی گۆڵپارێزەکان چاکبوونەوە قورستر دەکات، بەهۆی ئەو گوشارە بەردەوامەی لەکاتی راهێنانەکاندا دەکەوێتە سەر ناوچەی پشت و ئەژنۆکان.
 
سەرەڕای ئەو ئەو دۆخە داراییە باشترەی کە لەوانەیە نەشتەرگەرییەکە بۆ یانەکە بیهێنێتە ئاراوە، بەڵام یانەکە نەیدەویست تێرشتێگن ئەنجامی بدات، چونکە پلانەکانی یانەکە بۆ دەستبەرداربوون لێی ئاڵۆز دەکات، جا چ بەفرۆشتن بێت یان بەخواستن یان هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بە رەزامەندی هەردوولا.
 
لە ئەگەری مانەوەی تێرشتیگن، بارسێلۆنا ناچار دەبێت تاوەکو مانگی یەکی ساڵی داهاتوو داهاتوو مووچەکەی بدات و لەو کاتەدا لەوانەیە یاریزانەکە بەدوای رۆیشتندا بگەڕێت ئەگەر لەلایەن رراهێنەر هانزی فلیکەوە دڵنیایی وەرنەگرێت کە دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی سەرەکی، بەتایبەتی کە فلیک بەر لەو پشت بە دووانەی خوان گارسیا و ڤۆیچێک چێزنی دەبەستێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە