ڤیدیۆ؛ ئامەدسپۆر بووە پاڵەوانی نیوەی یەکەمی خولی پلە یەکی تورکیا

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئامەدسپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر بردنەوەیەکی گرنگی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا تۆمارکرد و چووە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 19ـی خولی پلە یەکی تورکیادا، یانەی ئامەدسپۆر لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی ئیدری کرد و سێ خاڵی دیکەی بەدەستهێنا.
 
لە یارییەکەدا لەیلا زانا، سیاسەتمەداری نێوداری کوردستان بە ملپێچێکی یانەی ئامەدسپۆرەوە چووە یاریگە و هەزاران هاندەر لەبەری هەستانەوە سەرپێ و پێشوازییەکی گەرمیان لێکرد، وەکو پاڵپشتییەک بۆ ئەو رەگەزپەرستییەی لە ماوەی رابردوودا لە یاریی بورسا سپۆر و سۆما سپۆر لە دژی بەکارهێنرا.
 
ئامەدسپۆر لە یارییەکەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت، لە خولەکی 35 مبای دیانێ لێدانێکی سزای بۆ یانەی ئامەدسپۆر لەدەستدا، بەڵام بەر لە تەواو بوونی نیوەی یەکەمی یارییەکە دانیێل مۆرینۆ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 56 مبای دیانێ، لێدانە سزاکەی قەرەبوو کردەوە و گۆڵی دووەمی بۆ یانەی ئامەدسپۆر تۆمارکرد.


 
لێدانێکی دیکەی سزا هەژمارکرا، بەڵام دیا سابا لە جێبەجێکردنیدا سەرکەوتوو نەبوو و لێدانەکەی لەدەستدا.
 
دوای چەند خولەکێک دانیێل مۆرینۆ گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەی ئامەدسپۆری تۆمارکرد، خاوەن یاریگە یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا.
 
بەم بردنەوەیە ئامەدسپۆر چووە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە بە کۆکردنەوەی 39 خاڵ و دوو خاڵ لە یانەی پێندیک سپۆر دوورکەوتەوە، جگە لەوەش بووە پاڵەوانی نیوەی یەکەمی ئەم وەرزەی خولی پلە یەکی تورکیا.
 
دوای یارییەکە یاریزانانی ئامەدسپۆر لەگەڵ هاندەرانیان لەنێو یاریگە و دەرەوەی یاریگە ئاهەنگی بردنەوەیان گێڕا.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە