رووداو هەولێر
لەیس حوسێن، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرایکرد، راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی عێراق پێویستە پێکهاتەیەکی گونجاو و سەقامگیر دروستبکات، لەپێناو گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2026. گوتیشی "پشتیوان بەخوا دەگەینە مۆندیال".
دوای ئەنجامە خراپەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە دوو یاریی رابردووی بەرامبەر هەڵبژاردەکانی کوێت و فەڵەستین دەنگێکی زۆری ناڕەزایەتی هاندەران و شەقامی وەرزشیی عێراق لەسەر کارەکانی خیسوس کاساسی، راهێنەری تیپەکە بەرزبووەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق راهێنەرە ئیسپانییەکەی دوورخستەوە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەدوای دۆزینەوەی شوێنگرەوەی کاساسە.
لەیس حوسێن، جیا لە پێگە و ناوە گەورەکەی لەنێو هاندەران، راوێژکاری کاروباری هونەریی سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراقە، لەبارەی هەڵبژاردەی عێراق بە رووداوی گوت "لە راستیدا پێشتر کاساس متمانەیەکی گرنگی پێدرابوو، بەڵام ناسەقامگیری لەنێو پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراق هەبوو، هەربۆیە ژمارەیەک ئەنجامی خراپمان بینی، پێموایە لەو دۆخەدا هێنانی راهێنەرێکی گونجاو کاریگەریی زۆرباشی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردەکەمان دەبێت".
ئەو زیاتر گوتی "پێویستە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پێداچوونەوەیەکی تەواو بەکارکردنی داهاتووی بکات و هەمووان پێکەوە کاربکەن بۆ سەرکەوتن، راهێنەری نوێش پێکهاتەیەکی راست و باش دروستبکات، راهێنەری نوێ پێویستە ئەزموونێکی زۆری هەبێت و بوێر بێت".
ململانێ و دووبەرەکییەکی زۆر لەنێو سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەبیندرێت، بەشێوەیەک سکاڵا لەسەر یەکدی تۆماردەکەن و میدیاکانی عێراقیان بەقسە تووندەکان گەرمکردووە.
لەیس حوسێن، بە نیگەرانییەوە لەبارەی ئاکامەکانی ئەو دووبەرەکییەی نێو ماڵی فیدراسۆنی تۆپی پێی عێراق روونیکردەوە "بەڕاستی ئەو ململانێیەی نێو فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کاریگەری خراپی دەبێت و ئێمە ناخوازین رووبدات، لەبەرئەوەی فیدراسیۆنی وڵاتمانە و لەدوای سێ ساڵ کارکردن، ناخوازین دژایەتی لەنێوانیان هەبێت، پێویستە پێکەوە دابنیشن و لە یەکدی تێبگەن، ئەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەکات با بچێت بە لای کارییەوە و ئەوەی یاسای دەوێت با بڕوات بۆ لای یاسا، ئێستا قۆناخێکی هەستیارە، هەڵبژاردەکەمان دوو یاریی چارەنوسسازی لەپێشە بۆ گەیشتن بە مۆندیال و راهێنەری نوێ دێت، نابێت ئەو بارودۆخە و ململانێییە رووبدات".
لەیس حوسێن، کە 16 ساڵ یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق کردووە، رووی دەمی کردە ئەستێرەکانی ئێستا و گوتی "من رەخنەم لە بەشێک لە یاریزانەکانی هەڵبژاردەی عێراق هەیە، هیوادەخوازم راهێنەری نوێ پێکهاتەیەکی باش لە یاریزانەکانی ناوخۆ و دەرەوەش بۆ یارییەکان دەستنیشان بکات، بەشێوەیەک ئەگەر سەقامگیری لە پێکهاتەدا نەبوو ئەنجامی باشمان نابێت".
نەبوونی پێکهاتەیەکی جێگیر و گۆڕانکاری بەردەوام لە ناوی ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی عێراق لەگەڵ بوونی تەنیا ئەیمەن حوسێن، وەک هێرشبەری سەرە رەم یەکێکی دیکە بوو لە رەخنەکان لە کاری راهێنەری پێشوو.
لەیس لەو بارەیەوە گوتی "پێموایە یاریزانە پیشەگەرەکان خاڵی بەهێزن بۆ ئاستی بەرزی هەڵبژاردەی عێراق. کاساس هۆکاری سەرەکییە کە عێراق تەنیا یەک هێرشبەری سەرەڕەمی هەیە کە ئەیمەن حوسێنە، پێویستە دەرفەت بدرێت بە میمی و زیدان ئیقبال و نابێت باوەڕت بە یەک هێرشبەر هەبێت و ئەوانی دیکە ئیفلیج بن، پێموایە راهێنەری نوێ گۆڕانکاری دەکات و پشتیوان بەخوا دەگەینە مۆندیال".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ