رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یانەی دهۆک پەیامێکی ئاراستەی هاندەرانی یانەکەی کرد و داوای لێبوردنیان لێدەکات بەرامبەر ئەو ئەنجامە خراپانەی لە ماوەی رابردوودا یانەکە بەدەستیهێناون و بەڵێنی راستکردنەوەی تیپەکەی دەدات.
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک دوای دۆڕانیان بەرامبەر یانەی نەورۆز لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت "راستە یانەکە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، بەڵام پێویستە بێهیوا نەبین، چونکە جامی عێراقمان ماوە، سوپاسی کاپتن ئەمیر دەکەین بۆ ئەو ماوەیەی لەگەڵمان بووە، سوپاسی کاپتن سلێمانیش کوڕی پارێزگای دهۆک کە لەم دۆخە خراپەدا یانەکەی وەرگرت و بەناوی دەستەی کارگێڕی و هاندەران سوپاسی دەکەین. یانەکەمان 9 یارییە هیچ سەرکەوتنێکی بەدەستنەهێناوە، هاندەرانی یانەی دهۆک جێگەی دەستخۆشی و سوپاسگوزارین کە لەم بارودۆخە خراپەدا پشوو درێژبوون، بۆیە لە دۆخی لەمشێوەیەدا یانەکە زیاتر پێویستی بە پاڵپشتییە، بۆیە یارییەکانی داهاتوو لە جامی عێراق بۆ ئێمە مێژوویی و گرنگن و پلانی باش دانراون."
سەرۆکی یانەی دهۆک باس لە هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی یانەکەی دەکات و دەڵێت "کەوتنی تیپەکە چەندین هۆکاری هەبوو، جگە لە رۆیشتنی کاپتن مەسعود و هەڵەی ناوبژیوانان، ئێمە وەکو کارگێڕیی یانەکەش خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین و لە بەرپرسیارەتی راناکەین و ئەم بارودۆخە خراپەی هەرێمی کوردستانیش پێیدا تێدەپەڕێت بووەتە هۆکار کە مووچەی مانگەکانی 4-5-6 وەنەگرین، بەڵام بۆمان دابینکردوون تاوەکو پارەکەمان دەدەنێ و تاوەکو ئێستاش پارەی جامی کەنداویشمان وەرنەگرتووە."
عەبدوڵڵا جەلال دەڵێت "بە هەموو شێوەیەک کاردەکەین بۆ ئەوەی هاندەرانمان دڵخۆشبکەین و بەڵێنمانداوە و وەرزی داهاتوو کارێکی باش دەکەین و گۆڕانکاری گەورە لە تیپەکەدا دەکەین، جگە لە راهێنەر و کارگێڕی، بەرپرسیارەتی گەورە لەسەر شانی یاریزانانە، بۆیە 50٪ مووچەکانیان بۆ ئەم مانگە بڕدراوە و سزادراون، هیوادارم ئەم قۆناخە خراپە، وەکو کارگێڕی، هاندەران و هەموو خەڵک پاڵپشتی لە یانەکە بکەین و بگەڕێینەوە سەر بردنەوەکان، دوو یاریی گرنگ و مێژووییمان لەبەردەمە و پشتبەخوا ئەم قۆناخە تێدەپەڕێنین و بەڵێن بێت بگەڕێینەوە."
یانەی دهۆک لە 9 یاریی رابردوودا لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، دوای دۆڕانە گەورەکەیان بەرامبەر یانەی نەورۆز بە 1-4 ئەمیر ئازرەفشان، راهێنەری یانەکە دەستیلەکارکێشایەوە و سلێمان رەمەزان بەشێوەیەکی کاتی راهێنەرایەتی یانەکەی وەرگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ