رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی ریال مەدرید ئاشکرایان کردووە کە پەیوەندیی نێوان هەردوو ئەستێرە دیارەکەی یانەکە، کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی و ڤینیسیۆس جۆنیۆری بەرازیلی گەیشتووەتە بنبەست و دەڵێن "ئێمباپێ داوای دەرکردنی دەستبەجێی ڤینی لە یانەکە کردووە".
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "کیلیان بەئاشکرا گوتوویەتی چیدی بەرگەی ئەوە ناگرێت لەگەڵ ڤینیسیۆس یاری بکات و دەبێت ریال مەدرید چارەسەرێکی خێرا بۆ ئەم دۆخە بدۆزێتەوە".
ناکۆکییەکەی نێوان ئەو دوو ئەستێرەیە تەنیا لەسەر لایەنی کەسی نەبووە، بەڵکو کاریگەری کردووەتە سەر پلانەکانی داهاتووی یانەکەش، بەتایبەتی لە دۆسێیەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکاندا.
بەپێی راپۆرتە باوەڕپێکراوەکان، کیلیان ئێمباپێ چیدی بێزاریی خۆی لە یاریکردنی بەردەوام لە تەنیشت ڤینیسیۆس جۆنیۆر ناشارێتەوە، چونکە پێیوایە کیمیای نێوانیان بەتەواوی بوونی نییە و رۆیشتنی ئەستێرە بەرازیلییەکە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبێت بۆ تیپەکە.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "تەنانەت کیلیان بەڕاشکاوی بە سەرۆکی یانەکە، فلۆرەنتینۆ پێرێزی گوتووە کە دەیەوێت ئەم دۆسێیە لە نزیکترین کاتدا دابخرێت و ئاماژەی بەوەش کردووە کە کەشی یانەکە بەبێ ئەو باشتر دەبێت".
سەرەڕای ئەوەش، ئاماژەکانی ناوخۆی ریال مەدرید ئەوە دەردەخەن کە یاریزانە بەرازیلییەکە ئێستا دەمێنێتەوە، بەتایبەتی کە گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2027 بەردەوامە. هەرچەندە پەلە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیدا نییە، بەڵام یانەکە هەڵوێستی خۆی بەڕوونی دیاری کردووە: ئەگەر پێش کۆتاییهاتنی وەرز گرێبەستەکەی نوێ نەکاتەوە، ئەوا رۆیشتنی دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ.
ئەوەی بارودۆخەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە، ئەوەیە کە کارگێڕیی مێرینگێش نیگەرانە لە رەفتارەکانی ڤینیسیۆس لە دەرەوەی یاریگا، هەروەها دەنگۆی دانوستاندنە نهێنییەکانی لەگەڵ یانەکانی دیکە وەک مانچێستەر سیتی، هەڵوێستی ئێمباپێی بەهێزتر کردووە و یانەکەی هانداوە بەجددی بیر لە فرۆشتنی بکاتەوە ئەگەر دەستەوارەی گونجاو پێشکێش بکرێت.
لەگەڵ هاتنە ناوەوەی پاریس سانجێرمان بۆ کێبڕکێی گواستنەوەکان، بای گۆڕانکاری لە بێرنابیۆ هەڵیکردووە، کە وادیارە هاوینی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت لە دیاریکردنی چارەنووسی زیاتر لە ئەستێرەیەک لە قەڵای ریال مەدریددا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ