گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراق پەیوەندی بە یانەی هەولێرەوە دەکات

30-08-2021
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن محەممەد حەمید یانەی هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

یانەی هەولێر لەگەڵ محەممەد حەمیدی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراق گەیشتە رێککەوتن، بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق پارێزگاری لە گۆڵی یانەکە بکات.

محەممەد حەمید، لە دایکبووی 1993ـی شاری فەلوجەیە، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بووە و 2012 بەشداری یارییەکانی لاوانی ئاسیا کردووە، لەگەڵ یانەی شورتە نازناوێکی خولی نایابی عێراقی بەدەستهێناوە، یاری بۆ یانەکانی روومادی، کارەبا، شورتە، زاخۆ، تەڵەبە لەگەڵ نەفتی ناوەڕاست کردووە. 

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "گەیشتینە رێكکەوتنی کۆتایی لەگەڵ محەممەد حەمیدی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراق، لە وەرزی نوێی خولی نایابی عێراقدا درێسی یانەی هەولێر دەپۆشێت". 

ئەم گۆڵپارێزە بەهۆی پێکان دوو هەفتە لە هەڵبژاردەی عێراق دابڕا بەهۆی بوونی پێکان، هەر بۆیە لە یاری هەڵبژاردەی عێراق لەگەڵ هەڵبژاردەی کۆریای باشوور نەیتوانی ئامادەبێت.

ئەو ئەندامەی یانەی هەولێر، ئاماژەی بەوەشکرد "محەممەد حەمید ئێستا لە ژێر چارەسەری پزیشکی و راهێنانی سووکە، دوای هەفتەیەکی دیکە دێتە شاری هەولێر و بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستەکەی واژۆ دەکات". 

یانەی هەولێر لە وەرزی رابردووی خولی عێراقدا ئاستێکی مامناوەندی پێشکەشکرد و بە کۆکردنەوەی 44 خاڵ پلەی 12ـی ریزبەندیی خولەکەی گرت، بەڵام بەرپرسانی یانەکە دووپاتیدەکەنەوە کە بەنیازن تیپێکی بەهێز بۆ وەرزی نوێ ئامادە بکەن، ئەویش لە رێگەی ئەنجامدانی چەند گرێبەستێکی گرانبەها، بۆ ئەوەی بتوانن رکابەری لەسەر نازناوی خولەکە بکەن.

پێشتر تەها قادری راهێنەری یانەکە، کە کارگێڕیی یانەی پایتەخت متمانەی پێبەخشیوە بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێدا سەرپەرشتی مەشقەکانی یانەکە بکات، بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند "لە وەرزی نوێدا یانەی هەولێر ژمارەیەکی قورس دەبێت".

یانەی هەولێر خاوەن چوار نازناوی خولی یانە نایابەکانی عێراق، وەرزی ئەمساڵ بە سەرپەرشتی تەها قادر راهێنەری کورد چاوی لە ئەنجامێکی باشە لە خولەکەدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە