بارسێلۆنا وردەکاریی پێکانەکەی گاڤی راگەیاند

30-08-2025
نیشانەکردن لالیگا یانەی بارسێلۆنا گاڤی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەکئەوەی پێشبینی دەکرا، یانەی بارسێلۆنا پێکرانی گاڤی ناوەڕاستکاری یانەکەی راگەیاند، بەبێئەوەی ماوەی دوورکەوتنەوەی لە یاریگەکان ئاشکرا بکات.
 
پێشتر سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردبوو ئەو یاریزانە بەهۆی هەستکردن بەئازار، مەشقەکانی یانەکەی بەجێهێشتووە.
 
بارسێلۆنا لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، گاڤی هەستی بەئازار کردووە لە ئەژنۆی راستیدا، بەو هۆیەوە لە یاریی سبەی یەکشەممەی یانەکە بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ لە لالیگا، بەشداریی ناکات.
 
بڵاوکراوەی یانە کەتەلۆنییەکە دەڵێ، ماوەی دوورکەوتنەوەی ئەو یاریزانە دیار نییە، پشتدەبەستێت بەگەشەکردنی پێکانەکەی، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە لیستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ دوو یاریی داهاتوو لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیالی 2026، بەرامبەر هەریەکە لە بولگاریا و تورکیا دادەبڕێت.
 
گاڤی ئەمڕۆ شەممە پشکنینی لە سەنتەری پزیشکیی خوان گامبەر لە یانەکە ئەنجامدا، لە کاتێکدا یاریزانانی دیکەی یانەکە بەشدارییان لە مەشقەکاندا کرد.
 
میدیای کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، هەردوو تیمی پزیشکی و تەکتیکیی یانەکە نایانەوێت سەرکێشی بەو یاریزانەوە بکەن، بەتایبەت کە لە هەمان ئەو ئەژنۆیەیدا هەستی بەئازارکردووە، کە پێشتر لە ساڵی 2023 تێیدا دووچاری پێکانێکی قورس بوو و نزیکەی ساڵێک لە یاریگەکان دووری خستەوە.
 
لە پێکانەکەی پێشوویدا، گاڤی لە بەستەرەکانی ئەژنۆی کە پەیوەستن بە کڕکڕاگەی ئەژنۆیەوە دووچاری پێکان بوو بوو.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەگەرچی بەپێی پشکنینە نوێیەکان، پێکانەکەی گاڤی مەترسیدار نییە، بەڵام دەستەی راهێنەران بڕیاریانداوە بەوەی ئەو یاریزانە لە یارییەکەی سبەیدا یاریی نەکات و ماوەی دوو هەفتە پشوو وەربگرێت تاوەکو ئازارەکەی نامێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە