رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دڵخۆش دەرنەکەوت لە کاتێکدا تیپەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەسەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێسدا بەدەستهێنا و پێشەنگی لالیگای بەشێوەیەکی کاتی وەرگرتەوە.
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، فلیک تەنیا لە گۆڕانکارییەکانی تیپەکەی هەستی بەدڵەڕاوکە نەکردووە، بەڵکو لە پەرچەکرداری ناوبژیوانانیش نیگەران بووە.
رۆژنامەکە پێیوایە دەرکردنی هەریەکە لە دی لافوێنتێ و سۆرجی یاریدەدەرانی فلیک لە یارییەکەدا، نیگەرانیی قووڵی لای راهێنەری بارسا دروستکردووە.
فلیک دڵخۆش دەرنەکەوت بەسەرکەوتنی تیپەکەی بەسەر ئالاڤێس، ئەوەش بەهۆی ئاستی تیپەکەوە بوو، ئەو دوای یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی، هێشتا باشتربوونێکی گەورەی بەکۆمەڵ چاوەڕێمان دەکات.
کامێراکان، دیمەنی دڵەڕاوکەی فلیکیان لە دوای یارییەکە دەرخست، لە کاتێکدا گفتوگۆی لەگەڵ رافینیا دەکرد.
فلیک لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی پاش یارییەکەدا کەمێک لە هۆکارەکانی دڵەڕاوکەکەی خۆی ئاشکراکرد و گوتی، لە ناوبژیوانی چوارەمم پرسی چی روویداوە، گوتی هیچ. پێکەوە قسەمان نەکرد، ئەگەر بیگوتایە پێویستە داوا لە یەدەگەکان بکەم ئارام بن، وامدەکرد.
رافینیا لای خۆیەوە گوتی، فلیک هەستیکردووە تیپەکە دەیتوانی باشتر بێت لە یاریگەدا، هەر ئەوەش هۆکاری نیگەرانییەکانی بوو.
ئەو هەروەها گوتی، ئێمەیاریزانان دەزانین کە دەتوانین باشتر بین، ئاستی باشتر پێشان بدەین. بۆچوونی ئەو وایە کە تیپەکە لە باشترین ئاستی خۆیدا نەبوو. منیش پێموایە زۆر لایەن هەن دەبێ باشتریان بکەین، گرنگ ئەوەبوو بردمانەوە و هەوڵدەدەین باشترینی خۆمان پێشان بدەینەوە.
بارسێلۆنا ئەگەرچی لە بەرامبەر ئالاڤێس برابووە، بەڵام هێشتا تیپەکە کاردەکات بۆ ئەوەی لەژێر کاریگەریی شکستی ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر چێڵسی رزگاری ببێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ