ڤیدیۆ؛ ئۆشین موحسین درێژەی بە ئەنجامە باشەکانی خێزانەکەی دا

30-12-2021
محەممەد کارێزی
ئۆشین موحسین
ئۆشین موحسین
نیشانەکردن ئۆشین موحسین پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەبی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئۆشین موحسین، کچە یاریزانی هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق، سێ میدالیای زیوی لە پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەب لە شەقڵاوە بەدەستهێنا.
 
رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەبی، بە بەشداری 14 وڵات بەردەوامە و یارییەکان لە نێو هۆڵی داخراوی یانەی شەقڵاوە بەڕێوەدەچن، ئۆشین موحسین ئاستێکی جوانی نمایشکرد و توانی بچێتە سەر ستەیجی پاڵەوانێتییەکە و 3 میدالیای زیوی لەملکرا.
 
ئەوەی بووەتە جێگای سەرسامی و سەرنجی وەرزشوانانی پاڵەوانێتییەکە، ئاستبەرزی خێزانێکی کوردی شاری هەولێرە کە سێ خوشکن و توانیویانە 12 میدالیا بۆ هەڵبژاردەی عێراق ببەنەوە، کە 9 لەو میدالیانە زێڕن و 3ـشیان زیو، ئەم خوشکانە بریتین لە ئۆشین، ئیناس و ئیسرا کە کچی موحسین عەزیزی وەرزشوانی کۆچکردوون، پێشتر باوکیان راهێنەرییان بوو، کە لەسەر دەستی باوکیان توانیویانە بگەنە ئەم ئاستە. 
 
یارییەکانی پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی بەردەوامە و چاوەڕواندەکرێت کچە یاریزانانی کوردستان نازناوەکانیان زیاد بکەن و ژمارەی میدالیا زێڕەکانی هەڵبژاردەی عێراق زیاتر بێت.
 
میدالییەکان دەکاتە چەپکەگۆڵ
 
ئۆشین موحسین، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، خۆشحاڵی خۆی بەو دەستکەوتەی نیشاندا و گوتی "زۆر دڵخۆشم کە توانیومە ئەو میدالیایانە ببەمەوە، دەمەوێت ئەو میدالیانە بکەمە چەپکەگۆڵێک بخەمە سەر گۆڕی باوکم و رۆحی ئاسوودە بکەم، چونکە ئەو ئاستەی من پێیگەیشتووم بەهۆی باوکمەوە بووە، دڵنیام ئێستا رۆحی باوکم ئاسوودەیە".
 
ئەو کچە پاڵەوانە داواکارییەکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری بوو، گوتی "دەمەوێت پەیامێک بگەینمە وەزارەتی رۆشنبیری و حکومەتی هەرێمی کوردستان، من 11 ساڵە خۆم و خوشکەکانم پاڵەوانی عەرەبین، پاڵەوانی ئاسیاین، کەچی هێشتا هیچ شتێکی ئەوتۆیان بۆ نەکردووین".
 
ئەو گوتیشی "هیوادارم ئەم پاڵەوانێتییە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بایەخی زیاتر بەو یاریزانانە بدەن کە میدالیای زێڕ و زیو بەدەستدێنن، بۆ ئەوەی پشتگوێ نەخرێن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە