رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەڵێنی پاداشتی گەورەی بەیاریزانانی یانەکەی داوە لەماوەی داهاتوودا.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، ریال مەدرید، لەسەر فەرمانی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە، بڕی یەک ملیۆن یۆرۆ پاداشت دەداتە هەر یاریزانێکی، ئەگەر نازناوی مۆندیالی یانەکان بەدەست بهێنن.
ریال مەدرید یەکێکە لەو 32 تیپەی هاوینی ئەمساڵ بەشداری لە مۆندیالی یانەکان دەکات، یانەکە چاوی لە بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە لە وەشانی نوێیدا کە لە ئەمریکا ئەنجامدەدرێت.
سەرچاوەکان دووپاتیانکردووەتەوە، بەرپرسانی یانەکە و لەسەرووی هەموویانەوە پێرێزی سەرۆکی یانەکە، مەراقیان بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتییەکە و ئاواتەخوازن ریال مەدرید یەکەم تیپ بێت، نازناوی شێوازە نوێیەکەی مۆندیالی یانەکان بەدەست بهێنێت.
بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە، نازناوی مۆندیالی یانەکان دەبێتە هۆکاری گەشانەوەی خەزێنەی یانەکە، چونکە بردنەوەی نازناوەکە بڕی 140 ملیۆن یۆرۆ دەهێنێتە یانەکە و ئەوەش بڕە پارەیەکی زۆرە.
فیفا پێشتر رایگەیاندووە، پاداشتی بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی یانەکان، گەورەترین پاداشتە لەسەر ئاستی هەموو ئەو پاڵەوانێتییانەی بەشێوازی کۆمەڵە و قۆناخی چوونە دەرەوەی دۆڕاو ئەنجامدەدرێن.
ریال مەدید لە مۆندیالی یانەکاندا، لە کۆمەڵەی هەشتەم لەگەڵ هەریەکە لە هیلالی سعودی، پاچوکای مەکسیکی و رێدبوڵ سالزبۆرگی نەمسایی یارییدەکات.
مۆندیالی یانەکان، دەبێتە یەکەم پاڵەوانێتیی کە چابی ئەلۆنسۆ وەک راهێنەری یانەی ریال مەدرید ئەنجامیدەدات.
ئەلۆنسۆ لە چەند رۆژی رابردوودا، لە شوێنی کارلۆ ئەنچێلۆتی مەشقدانی ریال مەدریدی وەرگرت، پاشئەوەی ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە روویکردە بەرازیل بۆ مەشقدانی سیلساو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ