رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)، گومانی لە رێکەوتنی نێوان فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل و کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی هەیە، هەربۆیە داوای روونکردنەوە و ناردنی سەرجەم دۆکۆمێنت و نووسراوەکانی رێکەوتنی نێوان هەردوولای کردووە.
بەپێی ئەوەی سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، فیفا گومانی لە کاری دیێگۆ فێرناندێزی میانگیری گرێبەستی نێوان هەردوولا هەیە، کە بەپێی فیفا ئەو کەسە وەک میانگیری رێکەوتنەکان لە تۆپی پێدا لە فیدراسیۆنەکە تۆمارنەکراوە.
فیفا نووسراوێکی فەرمی بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل ناردووە و داوایکردووە سەرجەم دۆکۆمێنت، نامە و رێکەوتنی پەیوەست بەدەستنیشانکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی بەڕاهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل بەزووترین کات بۆ فیدراسیۆنە نێودەوڵەتییەکە بنێرێت.
فیفا هەروەها داوایکردووە، هەر بەڵگەنامەیەکی رێکەوتنەکە واژۆی فێرناندێزی میانگیری پێوەیە، لەگەڵ هەر چەکێک کە تێیدا پێدانی پارە بەپێی گرێبەستەکە، بەکارلۆ ئەنچێلۆتی دەدات، رەوانەی بارەگای هەمان رێکخراو بکرێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، لای خۆیەوە و لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێ، رێکەوتنی نێوان ئەنچێلۆتی و فیدراسیۆنەکە نهێنیی بووە، لەلایەن ئێدنالدۆ رۆدریگێزی سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنەکەوە دانوستاندنی تێدا کراوە.
ئێدنالدۆ رۆدریگێز، بەبڕیاری دادگا، لە سەرۆکایەتیی فیدراسیۆنە بەرازیلییەکە دوورخرایەوە، پاشئەوەی یەکلابووەوە، ساختەکاری لە هەندێک نووسراودا کردووە و واژۆی خۆی خستوونەتە سەر.
دیێگۆ فێرناندێز لای خۆیەوە، لە بڵاوکراوەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرایکردووە، لێوردبوونەوە لە دۆخی خۆی دەکات وەک بەڕێوەبەری کار و میانگیر و تەنیا کرێ بەرامبەر، کارەکانی لەپێناو گرێبەستکردن لەگەڵ ئەنچێلۆتی وەردەگرێت.
ئەنچێلۆتی، رۆژی دووشەممەی رابردوو گەیشتە بەرازیل بۆ وەرگرتنی مەشقدانی هەڵبژاردەی وڵاتەکە و گرێبەستەکەی تاوەکو 2026 دەبێت.
فیفا گوتویەتی، دیێگۆ فێرناندێز تایبەتمەندییەکانی میانگیری فەرمیی تێدا نییە، بەڵکو 'میانگیرێکی بێ مۆڵەتی کارکردن'ە، بەوەش مەرجەکانی فیفای بۆ کارکردن لە بوارەکەدا تێدا نییە.
فیدراسیۆنە نێودەوڵەتییەکە پێیوایە، کارکردنی فێرناندێز لە دەستەوارەکەدا، 'پێشێلکاریی'ە لە بنەما یاساییەکانی فیفا بۆ کارکردنی بەڕێوەبەری کار و میانگیران لەبواری تۆپی پێدا.
فیفا هەروەها داوای لە فیدراسیۆنە بەرازیلییەکە کردووە، هەر پسوولەیەک کە بەڵگەی پێدانی پارەیە بەفێرناندێز، لەگەڵ هەر نایەمەیەکی ئاڵوگۆڕکراو لەگەڵیدا، رادەستی بکرێت، لەپێناو لێکۆڵینەوە لێی.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل دووپاتیدەکاتەوە، "گرێبەستی دیێگۆ فێرناندێز لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، لەگەڵ بنەماکانی کارکردنی فیفادا هاوتان و کێشەیان نییە".
هەروەها دەڵێ، فێرناندێز وەک راوێژکار لە دانوستاندنەکاندا کاریکردووە، هەروەها کاتی پێویستی نەبووە بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانی بوون بەبەڕێوەبەری کار بەفەرمی لەلای فیفا،.
دووپاتیدەکاتەوە، فێرناندێز تەنیا دوای تەواوکردنی وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردن وەک بەڕێوەبەری کار و میانگیر، پارەی خۆی لە دەستەوارەکە وەردەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ