رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەردوو یانەی زاخۆ و دهۆکی خەڵات کردووە بۆ ئەوە وەرزە باشەی تیپەکانی تۆپی پێی هەردوو یانە پێشکێشیان کردووە.
لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، بەنوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک، رێز لە هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ گیرا، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی تیپەکانی تۆپی پێی ئەو دوو یانەیە لە وەرزی رابردوودا لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان پێشکێشیان کرد و پلە و نازناوی گرنگیان بەدەستهێنا.
یانەی زاخۆ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند، کە رێزدار مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەردوو یانەکەی خەڵات کردووە و خەڵآتەکە کارگێڕیی و یاریزانانی هەردوو یانە دەگرێتەوە.
یانەی زاخۆ سەبارەت بە بڕی خەڵاتەکە، لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو سپۆرتس، گوتی "هەر یانەیەک بڕی 750 ملیۆن دیناری بەدیاری وەرگرتووە. واتا بڕی خەڵاتەکە بۆ هەردوو یانە ملیارێک و نیو دینارە".
یانەی زاخۆ لە رێگەی رووداو سپۆرتسەوە سوپاسی خۆی ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتیکردەوە "ئەو هەنگاوەی بەڕێزیان هاندەرێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی ئەو دوو یانەیە بەردەوام بن لە پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز و بەدەستهێنانی نازناوی زیاتر و گرنگتر".
لە وەرزی رابردوودا یانەی دهۆک دوو نازناوی بەدەستهێنا، کە سەرەتا جامی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداوی بەدەستهێنا و لە یاریی کۆتاییدا لە یانەی ئیتیفاقی سعودی بردەوە، کە یانەیەکی پڕ لە ئەستێرەیە. دواتر جامی عێراقیشی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە یانەی زاخۆی بردەوە.
یانەی زاخۆش پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بەدەستهێنا و گەیشتە یاریی کۆتایی جامی عێراق و بە دهۆک دۆڕا، کە ئەمساڵ زاخۆ بەشداری لە جامی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداودا دەکات.
رۆژی چوارشەممە 30ـی7ـی2025 لە دهۆک رێوڕەسمی خەڵات و رێزلێنانی یانەکانی دهۆک و زاخۆ بەڕێوەچوو، کە خەڵاتکردنی هەردوو یانە، لە چوارچێوەی ئەو هاندان و پشتیوانییەی مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دێت بۆ پێشخستنی بواری وەرزش و هاندانی زیاتری وەرزشوانان و یانە وەرزشییەکان لە کوردستاندا.
لەو رێوڕەسمەدا خەڵات و دیاری سەرۆکوەزیران پێشکێش بە دەستەی کارگێڕیی و یاریزانانی هەردوو یانە کرا.
یانەی دهۆکیش سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کرد و دووپاتیکردەوە کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی کارکردنییەوە بایەخێکی زۆری بە پەرەپێدان و دانانی بناخەیەکی پتەو بۆ ژێرخانی وەرزش لە کوردستان داوە و ئاوڕی جددی لە یانە و تیپە وەرزشییەکان داوەتەوە و بە رووداوی گوت "بەهۆی بایەخ پێدان و پاڵپشتیکردنی بەردەوامی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یانەکەمان توانیویەتی ئەو هەموو هەنگاوە باشە بەرەو پێشەوە بنێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ