ساڵی درەوشانەوەی یانە کوردستانییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن یانەی هەولێر یانەی دهۆک یانەی سلێمانی یانەی زاخۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ساڵی 2025 وەک وەرزی درەوشانەوەی بێوێنەی تۆپی پێی کوردستان لە مێژوودا تۆمارکرا. لە سەرەتای وەرزی نوێی خولەکەدا، یانەی هەولێر توانی پلەی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بگرێت. یانەی دهۆک بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی جامی کەنداوی بەدەستهێنا. دەستکەوتەکەی هاندەرانی زاخۆ لووتکە بوو، کاتێک خەڵاتی زەبێستی باشترینی جیهانیان لەلایەن فیفاوە بەدەستهێنا.
 
یانە کوردستانییە بەشدارەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، وەرزی رابردووی خولەکەیان بەئەنجام و ئاستی جیاواز کۆتایی پێهێنا، بەڵام هەموویان مانەوەیان لە خولەکەدا مسۆگەرکرد.
 
لە وەرزی نوێی خولەکەدا، کە لە نیوەی ساڵەکەوە دەستپێکردووە، یانە کوردستانییەکان ئاراستەی بەرەو سەریان لەپێناو بەدەستهێنانی ئەنجامی گەورەتردا گرتووەتە بەر.
 
گرنگترین رووداوی ساڵەکە لە دەرەوەی یاریگاکان بوو، کاتێک لە 15ـی مانگی 12ـی 2025 هاندەرانی زاخۆ خەڵاتی باشترین هاندەری جیهانیان(The Best) ی لە لایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتیی (فیفا) پێدرا. ئەمە یەکەمجارە یانەیەکی ئاسیایی ئەم شانازییە بەدەستبهێنێت. 
 
هۆکاری وەرگرتنی خەڵاتەکە بۆ هەڵوێستێکی مرۆیی ناوازە دەگەڕێتەوە، کاتێک هاندەران هەزاران بووکەڵەیان بۆ منداڵانی نەخۆش کۆکردەوە و هاوکارییان گەیاندە قوتابخانەکان و خێزانە بێلانەکان. جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، ستایشی هاندەرانی زاخۆی کرد و گوتی "ئەمە پەیامێکی مرۆیی گەورەیە و جیهان بە رێزەوە لێی دەڕوانێت". سەرکردەکانی کوردستان ئەم دەستکەوتەیان وەک سەرکەوتنی یەکڕیزی و شانازی وەرزشی کوردستان ناوبرد.
 
یانەی زاخۆ لە کۆتایی وەرزی رابردووی خولەکە، کە هاوینی رابردوو بوو، پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و بلیتی عێراقی لە جامی کەنداو بەدەستهێنا و هەر لە ساڵەکەدا یانەکە سەرکەوتنی بۆ قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە مسۆگەر کرد، ئەمەش یەکەمین دەستکەوتی لەو شێوەیەیە بۆ یانەی زاخۆ. 
 
یانەی دهۆک وەرزێکی پڕ لە نازناوی بەڕێکرد، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی جامی عێراق بە لێدانی یاکلاکەرەوە 5-3 لە یانەی زاخۆی بردەوە. دهۆک تەنیا بەوەوە نەوەستا، بەڵکو نازناوی جامی کەنداویشی بەر لە جامی عێراق بەرزکردەوە و دوای ساڵانێکی زۆر نازناوێکی دەرەکی گرنگی بۆ یانەکانی ناوچەکە بەدەستهێنا و بووە یەکەم یانەی کوردستان و عێراق ئەو پاڵەوانێتییە بباتەوە.
 
یانەی هەولێر لە وەرزی 2025 ئاستێکی مێژوویی پێشکێش کرد و پاش ساڵانێکی بەرچاو لە داکشانی یانەکە و دوورکەوتنەوە لە ئەنجامی باش، هەولێر هاوینی رابردوو، ئەگەرچی زۆر درەنگ ئامادەسازییەکانی بۆ وەرزی نوێی خولەکە دەستپێکرد، بەڵام لەگەڵ باسم قاسمی راهێنەردا سەرەتایەکی ناوازەی هەبوو. هەولێر دوای هەشت گەڕ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، شەش بردنەوە و دوو یەکسانبوونی بەدەستهێنا و لە کۆتایی ساڵەکەدا، پێشەنگی ریزبەندی خولەکەی گرت.
 
یانەی نەورۆز، دەکرێ خراپترین دۆخی نێو چوار یانە کوردستانییە بەشدارەکەی خولی ئەستێرەکانی عێراقی هەبووبێت. نەورۆز بەهۆی رووداوە سیاسییەکانی سلێمانییەوە، کەوتە نێو گێژاوی تێکچوونی ئامادەسازیی و خۆڕێکخستنەوەکانی بۆ وەرزی نوێی خولەکە، یانەکە رووبەڕووی تەنگژەیەکی دارایی قووڵ بووەوە، بەڵام کێشە داراییەکانی یانەکە، دواتر لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا، بوونە مایەی بەدەنگەوەهاتنی هەمووان و لە هەموو لایەکەوە کۆمەکی دارایی بۆ یانەکە کۆکرایەوە و نەورۆز لە کێشەی دارایی رزگاری بوو.
 
خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش بۆ یانەی نەورۆز، یاریگە سەرنجڕاکێش و پڕ لە جۆشوخرۆشەکەی یانەکە بوو کە لەسەرجەم یارییەکاندا، کۆبوونەوەی هاندەران و پشتگیریکردنیان بۆ تیپەکە، سەرنجی هەمووانی بۆخۆی راکێشا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە