رووداو دیجیتاڵ
وێڕای تێپەڕینی کەمی تەنیا سێ گەڕ لە زۆرینەی خولە گەورەکانی ئەورووپا، زنجیرەی خێرای پێکرانی یاریزانان، بەرۆکی یانەکانی گرتەوە. چەندین یانە، پێکرانی جیاوازی یاریزانانیان راگەیاند.
وەک هەمیشە، زۆرینەی پێکانەکان لە پرێمەرلیگەوە سەریان هەڵدایەوە و ئەوەش لەوانەیە بەشێکی پەیوەندی بەهێزی جەستەیی و خێرایی و ململانێی تووند لە یارییەکانی خولەکەدا هەبێت.
یانەی ئارسیناڵ کە دەیەوێت ئەمساڵی وەک دوو ساڵی رابردووی نەبێت و خۆی لە پێکرانی زۆری یاریزانەکانی رزگار بکات کە لە چەند وەرزی رابردوودا بوونە کێشەی گەورە بۆ یانەکە، هەرزوو یەکێک لە ئەستێرە گەورەکانی لەدەستدا کە بوکایۆ ساکایە.
ساکا لەسەرکەوتنی یانەکەیدا بەرامبەر لیدز یونایتد لە پرێمەرلیگ دووچاری پێکان بوو، دواتر ئارسیناڵ ماوەی دوورکەوتنەوەی ئەو یاریزانەی بە چوار هەفتە ئاشکراکرد.
ساکا قوربانیی یەکەمی یانەکە نییە، میکێل ئارتێتا، راهێنەری گانەرز بەر لە یاریی ئەمڕۆی یانەکەی بەرامبەر لیڤەرپوول، لە هەفتەی سێیەمی پرێمەرلیگ، رایگەیاندووە جیا لە ساکا، گابریێل خیسۆس و کای هاڤێرتزیش پێکانیان هەیە و دوورنییە لیاندرۆ ترۆساردیش هەمان کێشەی هەبێت.
مانچێستەر یونایتد لای خۆیەوە لەپێناو بەدەستهێنانی یەکەمین سێ خاڵی وەرزی ئەمساڵی خولەکە، دوو یاریزانی بوونە قوربانی.
یونایتد کە لەژێر گوشارێکی زۆردا میوانداریی بێرنلی کرد و لە دوا خولەکەکاندا 3 - 2 گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هەریەکە لە ماتیۆس کۆنیا و مەیسن ماونتی لەدەستدا.
رۆبین ئامۆریم، راهێنەری مانچێستەر یونایتد، لە دوای یارییەکە لەدەستدانی هەردوو یاریزانەکەی بە "قورس"ناوبرد، ئەو گوتی ماونت ماوەی 30 خولەک بەپێکانەوە یارییکردووە.
ئەو راهێنەرە کە لەدوای هاتنیەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی مانچێستەر یونایتد بەدەست کێشەی ئەنجامەکانەوە دەناڵێنێت، گوتویەتی هەردوو پێکانەکە زەحمەتن، چونکە هەردوو یاریزانەکە بۆ "تیپەکە زۆر گرنگن"، بەڵام جۆری پێکانەکەیان دیار نییە و ئەنجامی پشکنینەکان ماوەی دوورکەوتنەوەیان دیاریی دەکات.
لە یارییەکانی گەڕەکەی پرێمەرلیگدا، چێڵسیش دەبوو قوربانیی هەبێت. بلووز کە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە فولهامی بردەوە، لەناوەڕاستی گێمی یەکەمدا لیام دیلاپی لەدەستدا.
ئینزۆ مارێسکا خەمباربوو بۆ لەدەستدانی هێرشبەرە کاریگەرەکەی، گوتی لەوانەیە چوار تاوەکو شەش هەفتە لە یاریگەکان دووربکەوێتەوە.
پێکرانی دیلاپ، کاریگەریی لەسەر پلانەکانی بلووز و بایرن میونشنیش لە ئەڵمانیا دروستکرد.
لەکاتی یارییەکەی پاڵەوانی جیهان بەرامبەر فولهام، نیکۆلاس جاکسۆنی هێرشبەری چێڵسی لە میونشن بوو بۆ تەواوکردنی رێوشوێنەکانی پەیوەندیکردنی بەبایرن میونشن بەشێوەی خواستن، بەڵام چێڵسی ناچاربوو بەپەلە رێوشوێنەکان بلۆک بکات و رۆیشتنی هێرشبەرەکەی رابگرێت.
تاوەکو ئێستا، دیار نییە رۆیشتنی جاکسۆن بۆ یانە باڤارییەکە سەردەگرێت یان نا، بەڵام چێڵسی ترسی لە پێکرانی درێژخایەنی دیلاپ هەیە کە کاریگەریی لەسەر چانسی تیپەکە لەسەرەتاکانی وەرزەکەدا دروستدەکات.
لە فەرەنسا، پاریس سانجێرمان، پیاوی باڵۆندۆرەکەی لەدەستدا.
سانجێرمان کە سەرکەوتنێکی دراماتیکی بەسەر تۆڵۆزدا هەبوو بە 6 - 3 گۆڵ، لە خولەکی 70ی یارییەکەدا عوسمان دێمبلێی ئەستێرەی یەکەمی لەدەستدا بەهۆی پێکانەوە.
دێمبێلێ کە بەربژێری سەرەکیی باڵۆندۆری ئەمساڵە، پاش بەدەستهێنانی دووانەی نێوخۆیی جام و خولی فەرەنسا، چامپیۆنزلیگ و سوپەری ئەورووپا، بەرامبەر تۆڵۆز دوو لێدانی سزای جێبەجێکرد و دوو گۆڵی تۆمارکرد، بەڵام بەئازارەوە یاریگەی بەجێهێشت.
دێمبێلێ، لە رانی چەپیدا هەستی بەئازارکرد و یاریگەی بەجێهێشت، ئەو پێکانە تەنیا گورز نەبوو بۆ سانجێرمان، بەڵکو هەڵبژاردەی فەرەنساشی دووچاری سەرئێشەکرد کە بەدوای گەیشتنەوە بەمۆندیالی 2026دا دەگەڕێت و لە دوو گەڕی پاڵاوتنەکاندا بەرامبەر ئۆکراینا و ئایسلەندا یارییدەکات.
مانچێستەر سیتی لای خۆیەوە، هەردوو یاریزان، رەیان چێرکی و ئایت نوری لەدەستدا، هەردوو یاریزانە پێکانی جیاوازیان تووشبووە و ماوەی دوورکەوتنەوەشیان دیار نییە.
لیڤەرپوول لای خۆیەوە، وەرزەکەی بەپێکانێکی کاریگەر دەستپێکرد، کاتێک لە سەرەتاکانی یەکەم یاریی یانەکە لە وەرزی نوێدا، لە پرێمەرلیگ تواناکانی جیریمی فریمپۆنگی لەدەستدا و ئەو یاریزانە تاوەکو کۆتاییهاتنی گەڕی نێودەوڵەتی ئەمجارەی هەڵبژاردەکان ناگەڕێتەوە.
لە ئیسپانیا، بارسێلۆنا هەرزوو کەوتە بەر شەپۆلی پێکرانی یاریزانان، لە کاتێکدا یانەکە خۆی ئامادەدەکرد ئەمشەو بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ یاریی بکات، لە گەڕی سێیەمی لالیگا، لە مەشقەکاندا گاڤی لەدەستدا.
بارسا رایگەیاند کە گاڤی لە ئەژنۆیدا و لە شوێنی پێکرانی پێشوو و درێژخایەنی دووچاری پێکان بووە و دەستەی پزیشکان بەباشیان زانیووە چەند هەفتەیەک پشوو وەربگرێت.
پێکرانی ژمارەی زۆری یاریزانانی خولەکان، لە کاتێکدا یانەکان و یاریزانان وەرزێکی تاقەتپڕووکێنی بەهێز چاوەڕێیان دەکات کە بەرکابەریی خولەکان دەستیپێکردووە و دواتر بەوێستگەی جامەکان و چامپیۆنزلیگ و پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکانی دیکەی ئەورووپادا گوزەر دەکات و بەمۆندیالی 2026 کۆتایی دێت، مەترسیی گەورەتر لەسەر یاریزانان و یانەکان دروستدەکات کە پێویستیان بەلیستی درێژی یاریزانانی ئامادە هەیە بۆ رکابەرییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ