تایبەت بە رووداو سپۆرتس.. زاخۆ لەگەڵ ئەستێرەیەکی پێشووی خولی ئیتاڵیا لە گفتوگۆدایە

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی زاخۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی زاخۆ بۆ بەهێزکردنی تیپەکەی بۆ رکابەرییەکانی جامی کەنداو و خولی ئەستێرەکانی عێراق، لەگەڵ ئەستێرەیەکی عێراقی و پێشووی خولی ئیتاڵیا لە گفتوگۆدایە و دەیەوێت لە گواستنەوەی زستانەدا بەو گرێبەستە تیپەکەی بەهێزتر بکات.
 
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو سپۆرتس، یانەی زاخۆ گفتوگۆ لەگەڵ عەلی عەدنان، بەرگریکاری نێوداری عێراقی و یاریزانی ئێستای یانەی وەحدەی سعودی دەکات و دەیەوێت یاریزانەکە بباتە ریزەکانی.
 
گفتوگۆکانی هەردوولا هەنگاوی باشیان بڕیووە، بەڵام هێشتا یاریزانەکە بەتەواوی بڕیاری خۆی نەداوە، بۆ ئەوەی دوای 13 ساڵ جارێکی دیکە بگەڕێتەوە خولی عێراق و پەیوەندی بە یانەی زاخۆوە بکات.
 
یانەی زاخۆ پێویستی بە یاریزانی زیاتر هەیە، بەتایبەت لە جامی کەنداو گەیشتووەتە قۆناخی پێشکۆتایی و بڕیارە خولی ئەستێرەکانی عێراقیش یارییەکانی هەر چوار رۆژ جارێک ئەنجامبدرێن.
 
عەلی عەدنان، تەمەنی 32 ساڵە، ئەزموونێکی زۆری لە یاریگەکانی ئەورووپا و ناوچەکە هەیە، پێشتر لە 2009 لە تیپی لاوانی جەوییە بووە، پاشان بۆ ماوەی سێ ساڵ لە 2010 چووەتە یانەی ئەمانە بەغدا.
 
لە کاروانی یارییکردنیدا، عەلی عەدنان دوو ساڵ لە ریزەکانی یانەی ریزەسپۆری تورکی یارییکردووە، 4 ساڵ لە خولی ئیتاڵیا بووە و یاریی بۆ هەردوو یانەی ئودینێزی و ئاتالانتا کردووە، پاشان چووەتە یانەی ڤانکۆڤەری کەنەدی، جگە لەوەش لە یانەکانی ڤیێلێی دانیمارکی، روبن کازانی رووسی، مس رەفسنجانی ئێرانی و نەجمەی سعودی یارییکردووە و ئێستاش لە یانەی وەحدەیە.
 
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی عێراق، عەلی عەدنان تاوەکو ئێستا وازی لە یاریی نێودەوڵەتی نەهێناوە و 94 یاریی بۆ هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق کردووە.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە