رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی 20 ساڵ لە پەیوەندیکردنی بە یەکێتیی ئەورووپا، رۆژی پێنجشەممە بولگاریا بە فەرمی بووە 21ـەمین وڵاتی ئەندام لە ناوچەی یۆرۆ (Eurozone) و دراوی نیشتمانیی خۆی لە (لیڤ)ـەوە کردە (یۆرۆ). ئەم هەنگاوە لەنێو دڵخۆشیی بەشێک و ترسی بەشێکی دیکە لە گرانیی نرخەکاندا کرا.
رۆژی پێنجشەممە 1-1-2026، لە کاژێر 00:00ـی شەو، بەکارهێنانی دراوی (لیڤ) کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەوە لە بولگاریا بەکاردەهات، کۆتایی هات و دراوی یۆرۆ جێگەی گرتەوە. کریستین لاگارد، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەورووپا پێشوازی لەم هەنگاوە کرد و بە "هێمایەکی بەهێزی بەها هاوبەشەکان" وەسفیکرد.
حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئەو وڵاتە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 6.4 ملیۆن کەسە، دەیانەوێت لەرێگەی یۆرۆوە ئابووریی وڵاتەکە ببووژێننەوە، کە هەژارترین وڵاتی یەکێتیی ئەورووپایە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رۆژئاوا بەهێزتر بکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی رووسیا.
بەڵام دانیشتووان دابەشبوون؛ بەپێی دواین راپرسیی (یۆرۆبارۆمیتەر)ی سەر بە کۆمیسیۆنی ئەورووپا، 49٪ـی بولگارییەکان دژی گۆڕینی دراوەکە بوون و ترسیان لە بەرزبوونەوەی نرخ و هەڵاوسان هەیە، چونکە پێیان وایە مووچەکان وەک خۆیان دەمێننەوە، بەڵام نرخەکان بەرز دەبنەوە.
روومەن رادێڤ، سەرۆکی بولگاریا لە گوتارێکدا ئەمەی بە "دوایین هەنگاو" بۆ یەکگرتنی تەواوەتی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا وەسفکرد، بەڵام نیگەرانیی خۆی نیشاندا لەوەی پرس بە خەڵک نەکراوە و گشتپرسی بۆ ئەم بڕیارە چارەنووسسازە نەکراوە.
ئەم گۆڕانکارییە مێژووییە لە کاتێکدایە وڵاتەکە بەدەست ناسەقامگیریی سیاسییەوە دەناڵێنێت؛ لە نێوەڕاستی مانگی رابردوو بەهۆی خۆپێشاندانی دژی گەندەڵی، حکومەت دەستی لەکار کێشایەوە و وڵاتەکە بەرەو هەشتەمین هەڵبژاردن دەچێت لە ماوەی پێنج ساڵدا.
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاند، ئەمە گەشتکردن و بازرگانی بۆ بولگارییەکان ئاسانتر دەکات. ئێستا لە ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) لە سۆفیای پایتەخت یۆرۆ دەردێت و لە بازاڕەکانیشدا نرخەکان بە هەردوو دراوی (لیڤ و یۆرۆ) نمایش کراون تاوەکو هاووڵاتییان رادێن.
یۆرۆ یەکەمجار لە ساڵی 2002 لە 12 وڵات خرایەکار؛ دوایین وڵاتیش که پێش بولگاریا پەیوەندی پێوە کرد، کرواتیا بوو لە ساڵی 2023. بەمەش ژمارەی ئەو ئەورووپییانەی یۆرۆ بەکاردێنن گەیشتە زیاتر لە 350 ملیۆن کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ