رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سویسرا رایگەیاند، لە کاژێرەکانی ساڵی نوێدا، ئاگرێکی گەورە لە یانەیەکی شەوانە لە هاوینەهەواری ناوداری "کرانس مۆنتانا" کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە "40 کەس" گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، تیمەکانی پۆلیس، ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن گەیشتنە شوێنەکە، کە یەکێکە لە ناودارترین ناوچەکانی خلیسکێنەی سەر بەفر لە ئەورووپا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، رووداوەکە نزیکەی کاژێر 01:30ـی بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە بە کاتی ناوخۆ [کاژێر 03:30 هەمان رۆژ بەکاتی هەولێر] لە باڕێک بە ناوی "Le Constellation" روویداوە.
بەرپرسانی سویسرا دەڵێن، لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە بەردەوامە، بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە پێناچێت رووداوەکە "هێرش" بووبێت.
فرێدریک گیسلەر، فەرماندەی پۆلیس لە کانتۆنی "ڤالیس" لە باشووری رۆژئاوای سویسرا راگەیاند: "پێشبینی دەکرێت دەیان کەس گیانیان لەدەستدابێت، هەروەها نزیکەی 100 کەسی دیکەش بریندارن کە برینی زۆربەیان سەختە."
بەهۆی زۆریی ژمارەی قوربانییەکان، نەخۆشخانەکانی کانتۆنی ڤالیس پڕ بوون و باری نائاسایی تێیاندا راگەیێندراوە، بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە جیاوازەکانی دیکەی سویسرا دەگوازرێنەوە.
یانەی (Le Constellation) کە ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە، جێگەی نزیکەی 340 کەس دەبێتەوە. پۆلیس دەڵێت لە کاتی ئاهەنگەکەدا نزیکەی 100 کەس لەناو یانەکەدا بوون.
"شۆک و ترس"
بەرپرسان دەڵێن هێشتا زووە بۆ دیاریکردنی ژمارەی تەواوی قوربانییەکان، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوینەهەواری "کرانس مۆنتانا" شوێنێکی گەشتیاریی جیهانییە، چاوەڕوان دەکرێت قوربانییەکان خەڵکی وڵاتە جیاوازەکان بن. وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاندووە کە لانیکەم دوو هاووڵاتییان لەنێو بریندارەکاندان.
میدیاکانی سویسرا ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەری هەیە ئاگرەکە بەهۆی بەکارهێنانی "یارییە ئاگرینەکان"ـەوە بووبێت لە کاتی کۆنسێرتێکی ناو یانەکەدا.
دانیشتوویەکی ناوچەکە کە لە نزیک یانەکە دەژی، بە رۆژنامەی (24 heures)ی گوتووە: "ئاهەنگەکە گەرم بوو، مۆسیقا و خواردنەوەیەکی زۆر هەبوو، بەڵام کاتێک هەواڵی ئاگرەکە بڵاوبووەوە، کەشەکە گۆڕا و خەڵکەکە رژانە سەر شەقامەکان. دەنگی ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری و هێلیکۆپتەرەکان هەموو ناوچەکەی گرتبووەوە."
ئێستا پۆلیس ناوچەکەی بە تەواوی بەڕووی هاتووچۆدا داخستووە و بڕیاری "قەدەخەی فڕین"یشی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سەپاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ