رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەتیدەکاتەوە لە کاتی کۆبوونەوە گشتییەکاندا خەوی لێبکەوێت و دەڵێت "تەنیا چاو دەنووقێنم بۆ پشوودان،" هۆکاری شینبوونەوەی بەردەوامی دەستیشی بۆ خواردنی دەرمانی دڵ (ئەسپرین) دەگەڕێنێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 1-1-2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی، بەرگری لە دۆخی تەندروستیی خۆی کرد. ترەمپ کە تەمەنی 79 ساڵە و بەتەمەنترین سەرۆکە لە مێژووی ئەمریکادا دەسەڵاتی وەرگرتبێ، بە رۆژنامەکەی گوت: "تەندروستیم زۆر باشە."
لە ماوەی رابردوودا بەردەوام شوێنەواری شینبوونەوە بە دەستی راستی سەرۆکی ئەمریکاوە دیار بووە و زۆرجار بە ماکیاج یان باندج دایدەپۆشێت. ترەمپ روونیکردەوە کە ئەمە بەهۆی حەبی (ئەسپرین)ـەوەیە کە رۆژانە دەیخوات. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "دەمەوێت خوێنم روون بێت، نامەوێت خوێنی خەست بەنێو دڵمدا تێپەڕێت، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی بە هەر بەرکەوتنێک دەستم شین بێتەوە یان خوێنی لێ بێت."
ترەمپ نموونەیەکی هێناوەتەوە و دەڵێت: "جارێکیان پام بۆندی، داواکاری گشتیی ئەمریکا ویستی های فایڤم لەگەڵ بکات، بەڵام ئەڵقەکەی دەستی پشتی دەستمی بریندار کرد."
یەکێکی دیکە لەو رەخنانەی لە ترەمپ دەگیرێت، دەرکەوتنیەتی لە کۆبوونەوەکان بە شێوەیەک کە وا دەردەکەوێت خەوی لێکەوتووە، بەتایبەت لە مانگی تشرینی دووەم لە کۆبوونەوەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ نوێنەرانی تەندروستی.
ترەمپ بە تووندی ئەمەی رەتکردەوە و گوتی: "من هەرگیز خەواڵوو نەبووم." لەبارەی داخستنی چاوەکانیشی گوتی: "تەنیا دایاندەخەم، ئەمە زۆر پشووم پێدەدات. هەندێکجار وێنەگران وێنەم دەگرن لەوکاتەی خەریکم چاو دەتروکێنم و لەو چرکەیەدا دەیگرن و دەڵێن خەوتووە."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها روونکردنەوەی لەسەر پشکنینە پزیشکییەکەی مانگی تشرینی یەکەم دا و گوتی، ئەوەی بۆی کراوە پشکنینی خێرای (سیتی سکان) بووە نەک (MRI) وەک پێشتر گوترابوو؛ پزیشکەکەشی دووپاتی کردووەتەوە کە پشکنینەکە بۆ دڵنیابوون بووە لە نەبوونی کێشەی دڵ و دەمار و ئەنجامەکەی "باش" بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ