رووداو دیجیتاڵ
دەستپێکردنی ساڵێکی نوێ، تەنیا گۆڕینی ژمارەیەک نییە لە ساڵنامەی زایینیدا، بەڵکو ساتێکی جیهانییە، تێیدا مرۆڤایەتی لە دەوری یەک ئومێد کۆدەبێتەوە: "ئومێدێک بۆ داهاتوو". هەرچەندە زمان، ئایین و کولتوورەکان جیاوازن، بەڵام جیهان لە شەوی سەری ساڵدا دەبێتە گوندێکی بچووک، هەمووان تێیدا بە زمانی خۆشی و ئاهەنگگێڕان دەدوێن، بەڵام لە هەر وڵات و شوێنێک بەجۆرێک ئەو ساتە یاد دەکرێتەوە.
ئەم وێنانە دیمەنی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە لەپێشوازیکردن لە ساڵی نوێدا، ئەم ساڵیش هەولێر بە شێوازێکی مۆدێرن و جەماوەری دوایین شەوی ساڵی رابردووی بەڕێکرد. هاونیشتمانییان بە ئاهەنگی گەورە، گۆرانی و میوزیک و یارییە ئاگرینەکان ساڵی نوێیان دەستپێکرد.

سیدنی وەکو یەکێک لە یەکەمین شارە گەورەکانی جیهان کە پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکات. بەنێوبانگترین دیمەن لێرە نمایشە گەورەکەی یارییە ئاگرینەکانە، لەسەر پردی بەندەری سیدنی و تەلارى ئۆپێرا کە هەمووانی سەرسام کرد و بەشێکی زۆری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوون بە وێنە وڤیدیۆی یارییە ئاگریینەکانی ئەو شارە.

لە ژاپۆن، پێشوازیکردنەکە هەمیشە تێکەڵەیەکە لە ئایین و نەریت. خەڵک سەردانی پەرستگاکان دەکەن بۆ ئەوەی گوێیان لە دەنگی 108 زەنگ بێت کە هێمای پاکبوونەوەیە لە گوناهەکان. هەروەها خواردنی نودڵز نەریتێکی سەرەکییە هێمای تەمەنی درێژی لای ژاپۆنییەکان دەگەیێنێت.

پاریس، شاری رووناکی، بە شێوازێکی رۆمانسی پێشوازی لە ساڵی نوێ کرد. کۆبوونەوەی سەرەکی لە شەقامی شانزێلیزێ بوو، کاتێک خەڵک لە دەوری کەوانەی سەرکەوتن کۆبوونەوە بۆ بینینی نمایشە رووناکییەکان، فەرەنسییەکان لەو شەوەدا گرنگییەکی زۆر بە خواردنی شامپانیا و خواردنی دەریایی دەدەن.

ئیمارات بە تایبەتی شاری دوبەی بە نمایشە هەرە گەورە و گرانبەهاکانی یاری ئاگرین ناسراوە، ژمارەیەکی زۆری گەشتیار و دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە دەوروبەری بورجی خەلیفە کە تازە دەوروبەرە ئاوییەکەی نوێ کراوەتەوە کۆبوونەوە، بە دیمەنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی رووناکی و لەیزەر لە دەستپێکی ساڵی نوێدا دوبەی هەمووانی سەرسام کرد.

نیویۆرک ناودارترین شوێن بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ لە ئەمریکایە، دیارترین شوێنیش گۆڕەپانی تایمز سکوێرە کە ئەم ساڵیش هەزاران کەس لە کەشێکی سارد دا کۆبوونەوە بۆ بینینی کەوتنی "تۆپە کریستاڵەکە" لە چرکەساتەکانی کۆتایی ساڵدا.

ریۆدی جانیرۆ بەڕازیلیش دیارترین ئەو شارەیە کە تێیدا خەڵکی پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن، یەکێک لە گەورەترین ئاهەنگەکانی سەر شەقام لە جیهاندا رێکخرا لە کەناراوی کۆپاکابانا. هاوڵاتییان وەکو هەمیشە بە جلوبەرگی سپیەوە پێشوازییان لە ساڵی نوێ کرد، وەکو هێمایەکیش بۆ ئاشتی، گوڵیان خستە نێو دەریاوە.

لە ئەفریقاش وڵاتی میسر، لە پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ لە دەوری ناوچە مێژووییەکان کۆبوونەوە. یارییە ئاگرینەکان لەسەر ئەهرامەکانی جیزە و بەدرێژایی رووباری نیل دیمەنێکی بێوێنەی دروست کرد و خەڵکێکی زۆر لە کافتریا و چێشتخانە میللییەکان کۆبوونەوە.

لە بەریتانیا هەموو چاوەکان لەسەر لەندەنە، بەتایبەتی کاتژمێری بیگ بێن و چەرخی لەندەن ئای. کاتێک کاژێر بووە 00:00، نمایشێکی ناوازەی یاری ئاگرین لەسەر رووباری تێمز دەستیپێکرد و خەڵکەکە پێکەوە گۆرانیان بۆ ساتەکانی دەستپێکی ساڵی نوێ دەگوتەوە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ