ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ناردنی 50 ملیار یۆرۆ بۆ ئۆکراینا رێککەوتن

01-02-2024
تەنیا ئەحمەد
ئاڵای یەکێتیی ئەوروپا و ئۆکراینا.
ئاڵای یەکێتیی ئەوروپا و ئۆکراینا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە لووتکەی یەکێتیی ئەوروپادا ئەندامانی یەکێتییەکە رێککەوتن لەسەر ناردنی 50 ملیار یۆرۆ (55 ملیار دۆلار) بۆ ئۆکراینا، ئەمەش دوای ئەوەی هەنگاریا بڕیاریدابوو نەهێڵێت پارەکە بۆ ئۆکراینا بڕوات بەهۆی ئەوەی "مافی کەمینە هەنگارییەکان لەو وڵاتە پێشێلکراون."
 
رۆژی پێنجشەممە، 1-2-2024، لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا بە بەشداریی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی 27 ئەندامەکەی یەکێتیی ئەوروپا بەڕێوەچوو، مژاری سەرەکیی لووتکەکە ناردنی 50 ملیار یۆرۆ بوو، کە هەنگاریا دەنگی پێنەدابوو و پارەکە راگیرابوو.
 
دوای کۆبوونەوەکە، چارلس میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە ئێکس بڵاوی کردەوە: "رێککەوتین هەر 27 ئەندامەکەی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ناردنی 50 ملیار یۆرۆ وەک یارمەتی بۆ ئۆکراینا لە بودجەی یەکێتیی ئەوروپا."
 
هۆکاری دەنگنەدانی هەنگاریا ئەوەبوو، کە ئۆکراینای تۆمەتبارکردبوو بەوەی مافی کەمینە هەنگارییەکانی نێو ئۆکراینای پێشێلکردووە.
 
دێنیز شمیگال، سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیامێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە، ستایشی بڕیارەکەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای کرد و رایگەیاند "هەموو دەنگەکانتان دەبنە بەشێکی گرنگ لە سەرکەوتنی هاوبەشمان." 
 
پێش کۆبوونەوەکە، هەموو سەرکردە دیارەکانی ئەوروپا لەکاتی گەیشتنیان بە بارەگای لووتکەکە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا یەک پەیامیان هەبوو، رازیکردنی هەنگاریا بە دەنگدان بە پڕۆژەکە و ناردنی هاوکاری بۆ ئۆکراینا.
 
مێتێ فرێدێریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک گوتی: "ئۆکراینییەکان لە ئازاردان و لە دۆخی قورسدان، ئەوان لە چەندین چەکی سەربازی کەموکوڕییان هەیە، ئێمە لە یەکێتیی ئەوروپا پەیمانمان پێدان کە بۆیان دەنێرین، بەڵام تائێستا ئەوەی پەیمانمان لەسەردابوو نەمانناردووە و ئەمەش باش نییە."
 
یەکێکی دیکە لە ئامادەبووە گرنگەکان رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا بوو، رایگەیاند:"پێش هەموو شتێک، ئۆکراینا کاری لەپێشینە و گرنگی ئێمەیە، ئەمڕۆ رێکەوتنێکمان پێویستە و رێکەوتنەکە دەبێت لە نێوان هەر 27 وڵاتەکە بێت. ئەوە کار لە رەوابوونی ئێمە، متمانەی ئێمە و پێشبینیی ئێمە دەکات چونکە ئاسایشی ئۆکراینا، ئاسایشی ئەوروپایە."
 
پەیامی هەموو سەرکردەکان بۆ ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریابوو کە دەنگبدات و پارەکە بنێرن. دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند، "ئەگەر هەنگاریا رازی نەبێت، ئۆکراینا دەدۆڕێت."
 
دوایین دانیشتنی یەکێتییەکە لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو بوو بۆ هەمان مەبەست کە تێیدا 26 ئەندامەکەی یەکێتیی ئەوروپا دەنگیاندا و هەنگاریا دەنگی نەدا.
 

زنار شینۆ، نێردراوی رووداو لە برۆکسلەوە زانیاریی زیاتر لەمبارەیەوە دەخاتەڕوو:

 

 

.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا.

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی عێراق هەڵوەشاندەوە

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی (NDAA) بە گوژمەی 901 ملیار دۆلار پەسند کرد و رەوانەی سەر مێزی دۆناڵد ترەمپی کرد؛ پڕۆژەیاساکە بڕگەیەکی تێدایە کە تێیدا رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە.