رووداو دیجیتاڵ
لیندزی گراهام، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کە بە کەسێکی نزیک لە ئیدارەی کۆشکی سپی دادەندرێت رایگەیاند، سەرۆکی وڵاتەکەیان بەڵێنی پاڵپشتیکردنی خۆپێشاندەرانی ئێرانی داوە و پێویستە ئەو هاوکارییە وەکو خۆی جێبەجێ بکات نەوەک وەکو سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا تەنیا قسە بێت. دەشڵێت، "نابێت دەسەڵاتی ئێستای ئێران بەردەوام بێت."
رۆژی یەکشەممە، 1ی شوباتی 2026، لیندزی گراهام لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئێرانەوە گوتویەتی، "بەردەوامبن و یارمەتی لە رێگەیە" و هیوادارم کە ئەو یارمەتییە بگەیێنێت.
دەشڵێت، ترەمپ وەکو سەرۆکەکانی دیکەی ئەمریکا نییە تەنیا قسە بکات، "هیوادارم بە کردار ئەوەی گوتویەتی جێبەجێی بکات." جەختی لەوەش کردەوە، متمانەی بە سەرۆکی وڵاتەکەیەتی بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات.
28ی کانوونی یەکەمی رابردوو، خەڵکی تاران دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان کرد. دواتر خۆپێشاندانەکان زۆرینەی شارەکانی ئەو وڵاتەی گرتەوە. بە گوێرەی رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، لەو خۆپێشاندانانەدا هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەزاران کەسیان کوشت.
گراهام گوتیشی، خەڵکی ئێران داوای رێککەوتن لەبارەی پرسی ئەتۆمییەوە ناکەن و ئەوان دەیانەوێت دۆخی ژیانیان باشتر بێت. ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی ئێستای ئێران نابێتە هاوبەش و نزیکیان بەڵام دەتوانن پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ حکومەتی داهاتووی وڵاتەکە دروستبکەن.
گوتەکانی گراهام دوای ئەوە دێن کە ئەمریکا هێزێکی زۆری بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناردووە و ئەمەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران دەبینرێت.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، ئێرانی تۆمەتبارکرد بە هاوکاریکردنی حیزبوڵـڵا، حەماس و حووسییەکان و رووخانی حکومەتی تارانیشی بە تاکە رێگە بۆ نەمانی ئەو گرووپانە دانا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ