رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی یۆرۆپۆل لە ئۆپەراسیۆنێکی "سەرکەوتوو"دا لە ئەڵمانیا 19 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەرانی نایاسایی لە ئەڵمانیا دەستگیرکرد، پۆلیس ئەو کەسانەی بە تۆڕێکی قاچاخچێتیی "کوردی عێراق" ناساندووە، هەروەها بەپێی زانیارییەکانی بەرنامەی دیاسپۆرا ئەندامانی تۆڕەکە "خەڵکی باشوور و رۆژئاوای کوردستانن."
رۆژی هەیینی، 01-03-2024، بەرنامەی دیاسپۆرا یەکێک لە مژارەکانی تایبەت بوو بە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسی یۆرۆپۆل کە لە ئەڵمانیا ئەنجامی دابوو، تێیدا 19 کەس دەستگیرکرابوون.
بەپێی راگەیێندراوی پۆلیسی یۆرۆپۆل فەرمانی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن دوو دادگەی فەرەنسی و بەلجیکییەوە دەرچووە و هەموو کەسەکان لە ئەڵمانیا دەستگیرکراون.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، کە بۆ دۆزینەوەشیان لە 28 شوێن پشکنین کراوە. 7 تۆمەتباریان بە فەرمانی دادگەی بەلجیکی و 12 شیان بە فەرمانی دادگای فەرەنسی گیراون.
پۆلیسی یۆرۆپۆل دەڵێت، "پێنج لە دەستگیرکراوەکان گەورە قاچاخچین و رێکخەری کارەکانن. ئەو 28 شوێنەی پشکندراون 19یان ماڵ بوونە و نۆ- شیان کۆگەی پاشەکەوتکردنی کەرەستە بوون. لەئەنجامی پشکنینەکاندا 24 بەلەمی بچووکی هەوایی، 175 ئێلەگی مەلەوانی و 60 پەمپی هەوا و 14 موەلیدە و ژمارەیەکی زۆر مۆبایل و چەک و پارەش دەستیان بەسەردا گیراوە."
یۆرۆپۆل ئاشکرای ناکات کە ئەو پارەیەی دەستی بەسەرداگیراوە بڕەکەی چەندە. بەڵام ئەوەی باسی ئەوەی کردووە کە لە ساڵی 2022ـەوە گرووپە کوردییەکە لەژێر چاودێریی پۆلیسدایە و گرووپەکە کۆچبەرانیان لە ناوچەی کالێی فەرەنساوە بە بەلەمی بچووک گەیاندووەتە بەریتانیا.
"هەر کۆچبەرێک لەنێوان 1000 تاوەکو 3000 یۆرۆی داوەتە ئەو گرووپە. بەلەمەکان لە تورکیاوە هێندراونەتە ئەڵمانیا و لە چین دروستکراون. ئەگەر بەلەمەکان لە تێستی کوالێتی کۆنترۆڵی ئەڵمانیاش دەرچووبان، کە دەرنەچوون، دەبووایە 10 کەس سوار هەر بەلەمێک ببێت. کەچی قاچاخچییەکان جار هەبووە 50 کەسیان سواری ئەو بەلەمانە کردووە." ئەمە بەگوێرەی پۆلیسی یۆرۆپۆل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ