ترەمپ لەبارەی ئۆباما: هەڵەی کرد زانیاریی نهێنیی لەسەر بوونەوەری ئاسمانی درکاندووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی قسەکانی باراک ئۆباما وەستایەوە سەبارەت بە هەبوونی بوونەوەرە ئاسمانییەکان و رایگەیاند، سەرۆکی پێشووتر بە ئاشکراکردنی "زانیاریی نهێنی، هەڵەیەکی گەورەی کردووە."
 
هەفتەی رابردوو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەڤان برایان تایلەر کۆین، ئۆباما گوتی کە "بوونەوەری ئاسمانی لە راستیدا هەن"، بەڵام گوتی خۆی نەیبینیون و لە ناوچەی 51 نین.
 
ئۆباما گوتبووی: "هیچ شوێنێک لە ژێرزەویدا نییە بۆ شاردنەوەیان، مەگەر پیلانگێڕییەکی زۆر گەورە هەبێت و بابەتەکەیان لە سەرۆکی ئەمریکا شاردبێتەوە."
 
دوای چاوپێکەوتنەکەی، ئۆباما پەشیمان بووەوە و گوتی، "لەخۆوە وام گوت، کاتێک سەرۆک بووم هیچ بەڵگەیەکم نەبینی هەبوونیان بسەلمێنێت".
 
لە بەرامبەردا، ترەمپ لەنێو فڕۆکەی تایبەتی سەرۆک (Air Force One) قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و وەڵامی ئۆبامای دایەوە. ئەو گوتی خۆی دڵنیا نییە ئاخۆ بوونەوەری ئاسمانی "راستن یان نا"، بەڵام ئۆباما بە قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە "زانیاریی نهێنیی داوە".
 
ترەمپ بە پیتەر دوسی، پەیامنێری فۆکس نیوزی گوت: "ئەو زانیاریی نهێنیی ئاشکرا کرد. نەدەبوو ئەو کارە بکات. نازانم ئەوان [بوونەوەرەکان] راستن یان نا... بەڵام دەتوانم پێتان بڵێم ئەو زانیاریی نهێنیی دزە پێکردووە و هەڵەیەکی گەورەی کرد."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە