رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا داوا لە هاوتا ئەمریکی و ئۆکراینییەکانی دەکات "ئارامبگرن" و "رێز" لەیەک بگرن. ئەوەش دوای ئەوەی لە کۆشکی سپی دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا دروستبوو، کە مەترسیی کشانەوەی واشتنن لە دۆسیەی ئۆکراینا و دابڕانی لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی لێکەوتەوە.
ماکرۆن بە میدیایی فەرەنسای راگەیاند "پێموایە سەرەڕای تووڕەیی، هەموو کەسێک پێویستی بەوەیە بگەڕێتەوە سەر ئارامگری و رێزگرتن، بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەکی باش بەرەو پێش بچین، چونکەی ئەوەی لە مەترسیدایە، زۆر گرنگە."
کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ) رایگەیاند، دوای شەڕە قسەکەی رۆژی هەینیی نێوان دۆناڵد ترەمپ و زیلینسکی، ماکرۆن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هەردووکیان کردووە.
لە چاوپێکەوتنەکەیدا، ماکرۆن بە چاپەمەنیی فەرەنسای راگەیاندووە، دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە دۆسیەی ئۆکراینا لەبەرژەوەندیی واشنتندا نییە، چونکە ئەو کارەی ئەمریکا لە سێ ساڵی رابردوودا بۆ کیێڤ کردوویەتی، "بە تەواوی لەگەڵ نەریتە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی یەکدەگرێتەوە."
سەرۆککۆماری فەرەنسا هۆشداریشی دا، لەوەی ئەگەر ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا نەوەستێنرێت، "بێگومان هێرش دەکاتە سەر مۆڵدۆڤا و رەنگە دوورتریش تاوەکو دەگاتە رۆمانیا."
ماکرۆن هەروەها گوتی، ئەگەر واشنتن رازیبێت "بێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەکی ئەمنی بە ئۆکراینا بدات، رێککەوتنی ئاگربەست واژۆ بکات، لە هەمان رۆژدا توانای بەرپەرچدانەوەی جیۆستراتیجیی رووسیا و چین و ئەوانی دیکە لەدەستدەدات."
رۆژی هەینی، زیلینسکی لە کۆشکی سپی رەتیکردەوە بێ گەرەنتیی ئەمنی، هیچ رێککەوتنێک واژۆ بکات و لەسەر ئەوە بووە دەمەقاڵێ و لە لایەن ترەمپ و جەی دی ڤانسی جێگرییەوە، هاواری بەسەردا کرا.
ترەمپ، دەیەوێت سەرەتا ئۆکراینا رازیبێت لە بەرامبەر ئەو پارە و چەکەی پێیداوە، ئەمریکا سوود لە کانزا بەنرخ و سەرچاوە سرووشتییەکانی دیکەی ئۆکراینا وەربگرێت.
رۆژی هەینی، لەنێو نووسینگەی سەرۆکدا لە کۆشکی سپی، لە شەڕە قسەی نێوان ترەمپ و زیلینسکی، پشتیوانیی گەورە و چەندین ساڵەی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا، داڕما.
دوای ئەوەی بێ واژۆکردنی رێککەوتن لەسەر کانزاکان، زیلینسکی لەلایەن ترەمپەوە لە کۆشکی سپی کرایە دەرەوە، سەرکردەکانی ئەورووپا هەر زوو پشتیوانیی خۆیان بۆ ئۆکراینا دەربڕی.
ترەمپ واژۆکردنی رێککەوتننامەی کانزاکان بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئاگربەستی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ دەزانێت.
لەماوەی دەمەقاڵێکە دا، کە لە لایەن میدیا ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکانەوە گوێزرایەوە، ترەمپ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هاواریان بەسەر زیلینیسکیدا کرد و تۆمەتباریان کرد بەوەی سوپاسگوزار نەبووە و ئاگربەست رەتدەکاتەوە.
ترەمپ گوتی "تۆ ئێستا هیچ کارتێکت نییە. یان رێکدەکەویت، یان ئێمە لەم بابەتە دەچینە دەرەوە، ئەگەر بچینە دەرەوەش، جەنگەکە دەدۆڕێنن و پێموانییە زۆر بخایێنێت."
زۆری نەبرد، زیلینیسکی کۆشکی سپیی جێهێشت. ترەمپیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رایگەیاند "کەی بۆ ئاشتی ئامادە بوو، دەتوانێت بێتەوە."
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کە لە ماوەی دەمەقاڵێکە لە نووسینگەی سەرۆک بوو، بە فۆکس نیووزی راگەیاند، سەرەتا داوا لە ئۆکراینییەکان کرا لە ژوورەکە بچنە دەرەوە. دواتر داوایان لێکرا کۆشکی سپی جێبهێڵن.
دواتر، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، زیلینسکی "زیادەڕۆیی کرد" و، پێویستە رازیبێت "دەستبەجێ" کۆتایی بە جەنگ بهێنێت.
بەڵام زیلینسکی رەتیکردەوە داوای لێبووردن بکات و بە فۆکس نیووزی راگەیاند "دڵنیا نیم شتێکی هەڵەم کردبێت،" بەڵام هیوای خواست ئەو دەمەقاڵێیە لەبەردەم رۆژنامەڤانان رووینەدەبا.
دواتر مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاند، پێویستە زیلینسکی "داوای لێبووردنمان لێ بکات لە بەرامبەر بەفیڕۆدانی کاتەکەمان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ