وەزارەتی دەرەوەی رووسیا: سەردانەکەی زیلینسکی بۆ ئەمریکا شکستێکی تەواوەتی بوو

01-03-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، سەردانی سەرۆکی ئۆکراینا بۆ واشنتن شکستێکی تەواوەتی کیێڤ بوو. دەشڵێت، زیلینسکی کەسێکی مەترسیدارە. 
 
رۆژی شەممە، یەکی ئاداری 2025، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا سەبارەت بە سەردانی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بۆ واشنتن دیسی و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئۆکراینا  رایگەیاند، "سەردانەکەی سەرۆکی رژێمی نیۆ-نازی، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی بۆ واشنتن لە رۆژی 28ـی شوبات شکستێکی سیاسی و سەربازی تەواو بوو بۆ رژێمی کیێڤ". 
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، "بە رەفتارە تووڕە و تووندەکانی لەکاتی سەردانەکەی بۆ واشنتن، زیلینسکی پشتڕاستیکردەوە کە گەورەترین مەترسییە بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی". 
 
دوێنێ لە واشنتن دی سی پایتەختی ئەمریکا شەڕە قسەیەکی تووند لەنێوان سەرۆکی ئۆکراینا و هاوتا ئەمریکییەکەی روویدا. ترەمپ بە قسەکانیدا دیاربوو کە داوای رێککەوتن و ئاگربەست دەکات و هاوکارییەکانیشیان بۆ کیێڤ رادەگرن، سەرۆکی ئۆکرایناش بە دوای بەردەوامی پاڵپشتییەکانی واشنتنەوە بۆ وڵاتەکەی و وەرگرتنی گەرەنتی ئەمنییەوە بوو. 
 
دوای رووداوەکە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئۆکراینا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "شەڕەنگێزیێک هەیە کە رووسیا هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا. راست بووین کە سێ ساڵ پێش ئێستا یارمەتی ئۆکراینامان دا و سزامان خستە سەر رووسیا؛ دەبێت بەردەوام بین."
 
ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا هەمان قسەی ماکرۆنی کرد و گوتی، "پاڵپشتی ئۆکراینا دەکەین. چەند کۆبوونەوەیەکم لەگەڵ سەرۆک زیلینسکی لە چەند شوێنێک، لەوانە کیێڤ کردووە. سێ ساڵە جەنگ لەوێ بەردەوامە. ئۆکراینییەکان تەنیا شەڕ لەپێناو سەروەری نیشتمانیان ناکەن، بەڵکو ئەوان شەڕ بۆ بنەما نێودەوڵەتییەکانیش دەکەن." 
 
بەشێکی وڵاتانی ئەورووپا ترسیان لە هەڵوێستەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا هەیە. جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا داوای لووتکەی نێوان ئەورووپا و ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی ئێستای جیهان دەکات. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە