ئۆکراینا لەبەردەم داهاتوویەکی بێ ئەمریکا

01-03-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئۆکراینا لە بەردەم مەترسیی نەمانی پاڵپشتیی ئەمریکایە لە دژی رووسیا، چاوی لە هاوپەیمانێتییەکی بەهێزترە لەگەڵ ئەورووپا؛ هەموو ئەمانەش دوای ئەوە هات کە ترەمپ و زیلینسکی لە نێو کۆشکی سپی هەڵشاخان بەڕووی یەکدا.
 
مشتومڕە تووندەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەی دی ڤانسی جێگری و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە رۆژی هەینی 28-02-2025؛ پەیوەندییە لاوازەکەی ئێستای ئەمریکا و ئۆکراینای لاوازتر کرد و ئۆکراینای خستە بەردەم داهاتوویەکی بێ ئەمریکا.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، یان دەبێت ئۆکراینا لەگەڵ وڵاتەکەی رێکبکەوێت، یان واشنتن کۆتایی بە پاڵپشتییەکانی بۆ ئۆکراینا دەهێنێت. کاتێکیش زیلینسکی گوتی: "دەتوانم وەڵام بدەمەوە؟" ترەمپ پێی گوت، "نەخێر ناتوانیت، تۆ زۆر قسەت کرد!"
 
ترەمپ بە زیلینسکیی گوت: "تۆ قومار بە ژیانی ملیۆنان کەسەوە دەکەیت. تۆ قومار بە جەنگی جیهانیی سێیەمەوە دەکەیت، ئەوەی تۆ دەیکەیت بێڕێزییەکی زۆرە بەم وڵاتە."
 
ڤۆلۆدیمیر فێسێنکۆ، شڕۆڤەکارێکی سیاسییە و شەڕە زارەکییەکەی نێوانیانی بە "دۆڕان بۆ هەردوولا" وەسفکرد و گوتی: "زوو یان درەنگ؛ شتێکی وا هەر روویدەدا، ئەمریکا چیدیکە هاوپەیمانە بەسۆزەکەی ئۆکراینا نییە و ئیدی نابێت کیێڤ خەیاڵی ئەوە بکات واشنتن یارمەتیی سەربازیی بدات."
 
سەرەڕای ئەوەی لە کۆشکی سپی روویدا، زیلینسکی لە هەڤپەیڤینێکی کەناڵی فۆکس نیوز گوتی، ئەو بڕوای وایە کە بێگومان دەکرێت پەیوەندییەکەی کیێڤ و واشنتن بپارێزرێت و رزگار بکرێت، دانی بەوەدا نا "شەڕکردن لە دژی رووسیا بەبێ یارمەتیی ئەمریکا قورسە."
 
هاوپەیمانیی نوێ لەگەڵ ئەورووپا
 
لە 24-02-2022ـەوە، ئەمریکا 66.4 ملیار یۆرۆی لە هاوکاریی سەربازیی ئۆکراینا خەرجکردووە. پەیمانگەی کایڵ، کە ناوەندێکی توێژینەوەی ئەڵمانییە رایگەیاند، لە 2022 تاوەکو کۆتایی 2024 ئەمریکا بڕی 119.8 ملیار دۆلاری داوەتە ئۆکراینا، ئەمە وەک یارمەتیی مرۆیی و سەربازی.
 
هەرچی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپایە، 137.2 ملیار یۆرۆیان بۆ کیێڤ ناردووە.
 
پێشتر سەرچاوەیەکی سەربازیی ئەورووپی رایگەیاندبوو، ئەگەر ئەمریکا هاوکاریی تازە نەنێرێت، دۆخی ئۆکراینا لە مانگی ئایار و حوزەیران تێکدەچێت.
 
دوای ئەوەی لە رۆژی هەینی روویدا، سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی ئۆکراینا رایگەیاند: "هاوپەیمانێتییەکی نوێ لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی پارێزگاری لە ئازادی، دیموکراسی و بەها هاوبەشەکانمان دەکات."
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، ئەو مشتومڕە "وەڵامێکی لۆژیکی بوو بۆ ئەو پرسیارەی کە چی دێتە پێشمان، کێ دۆست و کێ دووژمنمانە. ئەمەش خۆی شتێکی باشە."
 
پاڵپشتیی ئەورووپییەکان بۆ ئۆکراینا
 
ترەمپ دەستی بە باشکردنی پەیوەندییەکانی واشنتن و مۆسکۆ کردووە، چەند جارێکیش باسی روانگەی کرێملنی لەسەر ئۆکراینا کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی گۆڕینی ئاراستەی سیاسەتی ئەمریکا لە بەرامبەر ئۆکراینا.
 
دوای گەڕانەوەی زیلینسکی لە ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپا پشتیوانیی خۆیان بۆ ئۆکراینا دەربڕی. بڕیارە بەریتانیا لووتکەیەکی تایبەت بە "ئاشتیی بەردەوام و تاهەتایی لە ئۆکراینا" بەڕێوەببات.
 
ئیلیا نێشکۆدۆڤسکی، سەرۆکی پەیمانگەی راگواستنی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ئۆکراینا گوتی، ئۆکراینا پێویستە زیاتر پشت بە پاڵپشتییەکانی ئەورووپا ببەستێت، "بەڵام دیار نییە ئایا ئەورووپا دەتوانێت هەنگاوی خێرا بنێت."
 
نێشکۆدۆڤسکی گوتی: "زیلینسکی بە بەرگریکردن لە شکۆی ئێمە شتێکی باشی کرد، بەڵام نەدەبوو بکەوێتە نێو ئەم گرژییە."
 
هەرچەند زۆربەی ئۆکرایناییەکان پشتیوانییان بۆ زیلینسکی و قسەکانی دەربڕی، بەڵام ئۆلێکسی گۆنچارێنکۆ، کە بەرپرسێکی ئۆپۆزیسیۆنە و چەند جارێک رەخنەی لە زیلینسکی گرتووە گوتی: "ئەوپەڕی گەمژەیی بوو لە بەردەم میدیای جیهان بەمجۆرە مشتومڕ لەگەڵ سەرۆک ترەمپ بکەیت. ئێستا ئێمە کۆتایی پەیوەندییەکەمان لەگەڵ ترەمپ بینی. راگرتنی هاوکارییە سەربازییەکان دەرئەنجامی خراپی دەبێت."
 
زیلینسکی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک لەسەر کانزاکانی ئۆکراینا و تاوتوێکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ رووسیا لە کۆشکی سپی بوو، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە پێشتر سەرۆکی ئەمریکا بە "دیکتاتۆر" ناوی بردبوو. بەپێی کۆشکی سپی، رێککەوتنەکەش واژۆ نەکراوە.
 
کۆبوونەوەکە دوای هەفتەیەک لە لاوازبوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان هات کە بەهۆیەوە سەرکردەکانی فەرەنسا و بەریتانیاش چوونە کۆشکی سپی، بۆئەوەی داوا لە ترەمپ بکەن کە کیێڤ پشتگوێ نەخات.
 
ئاڵۆزی و دەنگ بەرزکردنەوەی سەرۆکی دوو وڵاتەکە دوای چەند قسەیەکی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هات کە گوتی، "دیپلۆماسیەت" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە پێویست بوو. زیلینسکی لێی پرسی، "چی جۆرە دیپلۆماسییەتێک؟" لە وەڵامدا ڤانس بەوە تۆمەتباری کرد کە لە نووسینگەی سەرۆکی ئەمریکادا "بێڕێزیی" کردووە.
 
بەشێک لە گفتوگۆ تووندەکەی نێوان ترەمپ و زیلینسکی:
 
زیلینیسکی: تکایە، وا دەزانی ئەگەر بە دەنگی بەرز لەسەر جەنگ قسە بکەی... 
 
ترەمپ: ئەو بە دەنگی بەرز قسە ناکات، بە دەنگی بەرز قسە ناکات. وڵاتەکەت لە کێشەیەکی گەورەدایە
 
زیلینسکی: دەتوانم وەڵام بدەمەوە؟ دەتوانم وەڵام بدەمەوە؟
 
ترەمپ: نا، نا. زۆر قسەت کرد. وڵاتەکەت لە کێشەی گەورەدایە. 
 
زیلینسکی: دەزانم. دەزانم. 
 
ترەمپ: [جەنگەکە] نابەیتەوە، لەمەدا براوە نیت. 
 
زیلینسکی: من.. 
 
ترەمپ: ئێوە دەرفەتێکی زۆر باشتان هەیە بۆ ئەوەی بە باشی لەمە دەربازتان بێت، بەهۆی ئێمەوە. 
 
زیلینسکی: بەڕێز سەرۆک، ئێمە لە وڵاتەکەمان دەمێنینەوە. بە بەهێزی ماوینەتەوە. لە سەرەتای جەنگەوە بە تەنیا بووین. ئێمە سوپاسگوزارین. گوتم سوپاس بۆ ئەم ئیدارەیە... 
 
ترەمپ: ئێوە تەنیا نەبوون. 
 
زیلینسکی: لەم ئیدارەیەدا بە تەنیا نەبووین. 
 
ترەمپ: ئێمە لە رێگەی سەرۆکە گەمژەکەمانەوە 350 ملیار دۆلارمان بە ئێوە دا. ئێمە کەرەستەی سەربازیمان بە ئێوە دا. 
 
زیلینسکی: ئێوە دەتانویست لەبەر سەرۆکەکەتان.. ئێوە دەتانویست لەبەر سەرۆکەکەتان.. 
 
ترەمپ: پیاوەکانتان ئازان، بەڵام پێویستیان بەوە بوو چەکەکانی ئێمە بەکاربێنن
 
زیلینسکی: چییە ئەگەر ئێمەش قسە بکەین؟ تۆ منت بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی.... تۆ منت بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی.. 
 
ترەمپ: ئەگەر ئێوە چەکی ئێمەتان بەدەستەوە نەبوایە، ئەم جەنگە بە دوو هەفتە کۆتایی دەهات.
 
زیلینسکی: سێ رۆژ.. لە پووتین گوێم لێبوو دەیگوت بە سێ رۆژ
 
ترەمپ: رەنگە کەمتریش
 
زیلینسکی: دوو هەفتە.. بێگومان با وابێت. 
 
ترەمپ: زۆر زەحمەت دەبێت بەم شێوەیە کار بکەین، ئەوە پێم گوتی
 
ڤانس: لەبری ئەوەی بڵێی سوپاس... 
 
زیلینسکی: زۆر جار گوتوومە سوپاس بۆ خەڵکی ئەمریکا. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت