رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی پێشوەختە و زۆر تووند دەداتە ئێران و هەڕەشەی ئەوە دەکات، ئەگەر تاران هێرش بکات، واشنتن بە هێزێک وەڵامی دەداتەوە کە لە مێژوودا نەبیندرابێت.
لە پۆستێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، بڵاویکردووەتەوە، ترەمپ باس لەوە دەکات، زانیارییان هەیە ئێران دەیەوێت هێرشیان بکاتەسەر و نووسیویەتی، "ئێران هەر ئێستا رایگەیاند کە ئەمرۆ هێرشێکی زۆر قورس دەکەن، قورستر لە هەر هێرشێک کە تاوەکو ئێستا ئەوان رووبەڕووی بوونەتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا بە پیتی گەورە، کە لە نووسیندا وەک هێمایەک بۆ تووڕەیی و دەنگی بەرز بەکاردێت، بە تووندی هۆشداری دەداتە تاران و دەڵێت، "بەڵام باشترە ئەو کارە نەکەن، چونکە ئەگەر بیکەن، ئێمە بە هێزێک لێیان دەدەین کە پێشتر هەرگیز نەبیندرابێت."
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، ترەمپ بە شێوازێکی نیمچە تەنزئامێز و فەرمی نووسیویەتی، "سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە!" و لە کۆتاییدا پۆستەکەی بە "سەرۆک دۆناڵد جەی. ترەمپ" واژۆ کردووە.
چی روویدا؟
عەلی خامنەیی، کە لە ساڵی 1989ـەوە رێبەری باڵای ئێران و رۆژئاوا وەک دوژمنی سەرسەخت سەریری دەکرد، لە سەرەتای هێرشێکی گەورەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژرا. ئەمەش وایکرد رۆژی یەکشەممە تاران شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکیی بۆ تۆڵەسەندنەوە دەستپێبکات.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران هەواڵی کوژرانی خامنەیی پشتڕاستکردەوە. ئەمەش چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە ترەمپ کوژرانی پیاوە ئایینییە تەمەن 86 ساڵانەکەی راگەیاند و بە "یەکێک لە خراپترین کەسایەتییەکانی مێژوو" وەسفی کرد.
سوپای پاسدارانی ئێران بەڵێنیدا "تووندترین" ئۆپەراسیۆن لە مێژوودا بکاتە سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، کە ئەو وڵاتانە خۆیان لە بنەڕەتدا زیانی زۆریان بەهۆی زنجیرەیەک هێرشی بێپێشینە و کوشندەی ئێرانەوە بەرکەوتووە.
رۆژی یەکشەممە دەنگی تەقینەوەی نوێ لە دەوحە، دووبەی و مەنامە بیستران. هاوکات زەنگی ئاگادارکردنەوە لە نێوەڕاستی ئیسرائیل لێدرا و سوپای ئەو وڵاتەش رایگەیاند کە وەڵامی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران دەدەنەوە.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە کە لە شەپۆلە نوێیەکەی هێرشەکاندا، 27 بنکەی ئەمریکا لە ناوچەکە، بارەگای سەرەکیی سوپای ئیسرائیل و کۆمەڵگەیەکی پیشەسازیی بەرگری لە تەلئەڤیڤ کراونەتە ئامانج.
پێشتریش ترەمپ بەڵێنیدابوو هێرشەکان ناوەستێنن تاوەکو کۆماری ئیسلامی دەڕووخێت، داواشی لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران کرد چەکەکانیان دابنێن. ترەمپ لە پەیامێکدا گوتی: "ئەمە تاکە دەرفەت و گەورەترین دەرفەتە بۆ گەلی ئێران تاوەکو جڵەوی وڵاتەکەیان وەربگرنەوە."
لەلایەکی دیکەوە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پەیامێکی ئاراستەی ئێرانییەکان کرد و گوتی: "ئێستا کاتی ئەوەیە یەکبگرن، رژێمەکە بڕووخێنن و داهاتووی خۆتان مسۆگەر بکەن."
شایەتحاڵان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان گوتووە، کاتێک بۆ یەکەمجار هەواڵی کوژرانی خامنەیی لەلایەن ئیسرائیلەوە بڵاوبووەوە، دەنگی خۆشی و ئاهەنگگێڕان لە شەقامەکانی تاران بیسترا، لە کاتێکدا دووکەڵێکی رەشی چڕ ئاسمانی ئەو ناوچەیەی داپۆشیبوو کە خامنەیی تێیدا دەژیا.
بەڵام دواتر لە گۆڕەپانی 'ئینقلاب'ی تاران، بە هەزاران کەس کە جلی رەشیان پۆشیبوو و ئاڵای ئێرانیان بەدەستەوە بوو، بۆ شیوەنی خامنەیی کۆبوونەوە و دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا"یان دەگوتەوە.
"وانەیەکی تەمبێکەر"
مانگی سووری ئێران رایگەیاند، لە هێرشەکانی رۆژی شەممەدا 201 کەس کوژراون و سەتانی دیکەش بریندارن.
لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتی دادی ئێران پشتڕاستیکردەوە کە هەریەک لە عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای خامنەیی و جەنەڕاڵ محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران کوژراون.
عەلی لاریجانی، کە یەکێکە لە رزگاربووە دیارەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانە، بەڵێنی رووبەڕووبوونەوەی دا و گوتی: "سەربازە ئازاکان و نەتەوەی مەزنی ئێران، وانەیەکی تەمبێکەر بە ستەمکارانی نێودەوڵەتی دەدەن."
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تەلەڤزیۆنی فەرمی بڵاوکرایەوە گوتی، تاران ئامادەیە و "هەموو سیناریۆکانی لەبەرچاو گرتووە." هەروەها گوتی، ترەمپ و نەتەنیاهوو "هێڵە سوورەکانی ئێمەیان بەزاندووە" و "باجی ئەمە دەدەن."
لە سەرەتادا، ئێران بە ژمارەیەکی زۆر مووشەک و درۆن لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەڵامی هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیلی دایەوە، کە بەهۆیەوە لانیکەم دوو کەس لە ئەبووزەبی و کەسێک لە تەلئەڤیڤ کوژران. دواتر کە میدیای فەرمیی ئێران کوژرانی خامنەیی پشتڕاستکردەوە، شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی دەستپێکرد.
پرسی جێنشین
بەهۆی هەڵکشانی تەمەنییەوە، پێشتر لە ئێران دەنگۆی زۆر لەسەر جێنشینی خامنەیی هەبوو. ئاژانسی فرانس پرێس دەنووسێت :"زۆر لە چاودێران پێیانوایە دوای مەرگی ئەو، دەسەڵاتی سوپای پاسداران زۆر زیاتر دەبێت لە ناو ئابووری و بەڕێوەبردنی وڵاتدا."
رۆژی یەکشەممە، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و دوو بەرپرسی باڵای دیکە، لە قۆناخی راگوزەری دوای مەرگی خامنەییدا وڵات بەڕێوەدەبەن.
رەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران کە لە شۆڕشی ئیسلامیی 1979ـدا رووخێندرا، رایگەیاند کە هەر جێنشینێک لە نێو سیستەمەکەی ئێستادا دیاریبکرێت، ناڕەوا دەبێت.
پەهلەوی خۆشحاڵیی خۆی بە مەرگی خامنەیی (کە دووەم رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامییە دوای خومەینی) دەربڕی و گوتی: "بە مردنی ئەو، کۆماری ئیسلامی بە کردەیی کۆتایی هات و بەمزووانە دەخرێتە نێو سەبەتەی خۆڵی مێژووەوە."
پەهلەوی کە زۆربەی تەمەنی لە دوورەوڵاتی و لە نزیک واشنتن بەسەربردووە، خۆی وەک کەسایەتییەکی قۆناخی راگوزەر بۆ دیموکراسییەکی عەلمانی دەناسێنێت، بەڵام لەلایەن هەموو ئۆپۆزیسیۆنەوە پشتگیری ناکرێت.
هێرشەکان لە سەرانسەری ئێران
دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، لە هێرشێکدا بۆ سەر قوتابخانەیەک لە باشووری وڵات 108 کەس کوژراون.
لە ئیسرائیلیش شەقامەکان چۆڵ بوون و دانیشتووان چوونەتە نێو پەناگەکانەوە، لە کاتێکدا دەنگی تێکشکاندنی مووشەکەکانی ئێران لە ئاسماندا دەبیسترا.
لە نوێترین شەپۆلی هێرشەکاندا بۆ سەر ئیسرائیل هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە، بەڵام فریاگوزاریی ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەکانی پێشوودا ژنێک لە تەلئەڤیڤ کوژراوە و نزیکەی 20 کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە شەوی رابردوودا دووکەڵ لە بنکەکانی ئەمریکا لە ئیمارات و بەحرێن کە بنکەی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکایە بەرزبووەوە. جانە حەسەن، کە قوتابییەکی تەمەن 15 ساڵە و لە نزیک شوێنی هێرشەکەی بەحرەین بووە، دەڵێت: "کە گوێمان لە دەنگەکان بوو، لە ترساندا دەگرییاین."
لە ئەبووزەبی پایتەختی ئیمارات دوو کەس کوژران و لە دوورگەی نەخلەی دووبەی ئاگر و دووکەڵ بەرزبووەوە و چوار کەس بریندار بوون.
هاوکات سوپای پاسداران پەیوەندی بە کەشتییەکانەوە کردووە و داخستنی گەرووی هورمزی راگەیاندووە، کە رێڕەوێکی ئاویی زۆر گرنگە بۆ نەوتی کەنداو، بەڵام روون نییە ئایا بە کردەیی ئەو هەڕەشەیەی جێبەجێ کردووە یان نا.
قەبارەیەکی بێپێشینە
لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل، خەڵکی تاران سەرقاڵی کاری رۆژانەی خۆیان بوون، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بەخێرایی بڵاوبوونەوە، بازاڕ و فرۆشگەکان داخران و کەم کەس دەیوێرا بێتە دەرەوە.
فەرمانبەرێک لە تاران پێش بڕانی ئینتەرنێت گوتی: "بە چاوی خۆم بینیم دوو مووشەکی تۆماهۆک بەشێوەیەکی ئاسۆیی بەرەو ئامانجەکانیان دەڕۆیشتن."
ئەمە یەکەمین جووڵەی سەربازیی ئەمریکایە بەم قەبارە گەورەیە، کە وادیارە ئامانج لێی رووخاندنی حکومەتێکی بیانی بێت لە دوای هێرشکردنە سەر عێراق لە ساڵی 2003.
ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل گوتی، ئۆپەراسیۆنەکە "قەبارەیەکی زۆر جیاوازتری" هەیە بەراورد بەو شەڕە 12 رۆژییەی حوزەیرانی پار کە لەگەڵ ئێران کردیان، کە ئەمریکاش بۆ ماوەیەکی کورت تێیدا بەشدار بوو.
هەریەک لە ئێران، عێراق، کوێت، سووریا، ئیمارات و ئیسرائیل بەشێوەیەک لە شێوەکان ئاسمانیان بەڕووی گەشتی مەدەنیدا داخست، چەندین هێڵی ئاسمانیش گەشتەکانیان بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵوەشاندەوە.
رۆژی پێنجشەممە، نێردراوانی ترەمپ لە جنێڤ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران گفتوگۆیان کردبوو. ترەمپ رایگەیاند کە سەرکردەکانی ئێران بەپێی پێویست نەرمیانیان لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیان نەنواندووە، سەرەڕای ئەوەی دوای هێرشەکە رایگەیاند کە ئامانجیان گۆڕینی رژێمە نەک رێککەوتنی ئەتۆمی.
وڵاتی عومانیش کە نێوەندگیری دەکرد، رۆژی هەینی رایگەیاندبوو کە پێشکەوتنێکی باشیان بەدەستهێناوە و گوایە ئێران رازی بووە هیچ یۆرانیۆمێک کۆنەکاتەوە. عومان رۆژی شەممە داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کرد.
ئێرانیش داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بکات بۆ وەستاندنی هێرشەکان، ئەو ئەنجوومەنەی کە ئەمریکا مافی ڤیتۆی تێیدا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ