رووداو دیجیتاڵ
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنەی بە هاوبەشیی ئیسرائیل لە دژی ئێران کردیان "ئاڵۆزترین، وردترین و کوشندەترین هێرشی ئاسمانی" بووە لە مێژوودا.
رۆژی یەکشەممە 01-03-2026 وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاشکرای کرد دوێنێ شەو، لەسەر فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، وەزارەتی جەنگ دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستان). هێگسەس گوتی، "ئەمە کوشندەترین، ئاڵۆزترین و وردترین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کرابێت."
پیت هێگسەس جەختی کردەوە، ئێران دەرفەتی تەواوی پێدرا بۆ ئەوەی بێتە سەر مێزی دانوستاندن و رێککەوتن بکات، بەڵام بە رەتکردنەوەی ئەو دەرفەتانە ئێستا دەبێت رووبەڕووی لێکەوتەکان ببێتەوە.
وەزیری جەنگ هەروەها گوتی، "بۆ ماوەی نزیكەی 50 ساڵە ئێران ئەمریکییەکان دەکاتە ئامانج و دەکوژێت، هەمیشە بەدوای بەهێزترین چەکەکانی جیهاندا گەڕاوە بۆ برەودان بە دۆزە تووندئاژۆکەیان." وەزیری جەنگ ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ جیاواز لە هەموو سەرۆکەکانی پێشوو، بڕیاری داوە دەستبەجێ مامەڵە لەگەڵ ئەم "شێرپەنجەیە" بکات.
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ئامانجەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنەی دیاریکرد و رایگەیاند، رێگە نادەن هیچ مووشەکێکی بەهێز گەلی ئەمریکا بکاتە ئامانج. هێگسەس گوتی، "ئەو مووشەکانە لەناو دەبرێن، لەگەڵ هەموو کارگەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک لە ناو ئێراندا. هەروەها هێزی دەریایی ئێران بە تەواوەتی تێکدەشکێندرێت." وەزیری جەنگی ئەمریکا گوتیشی، وەک چۆن ترەمپ لە تەواوی ژیانیدا گوتوویەتی، "ئێران هەرگیز رێگەی پێنادرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
لە پەیامێکی توونددا بۆ تاران و گرووپە چەکدارەکان، وەزیری جەنگ گوتی، "ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستی بەم ململانێیە نەکرد، بەڵام ئێمە کۆتایی پێ دەهێنین. ئەگەر ئەمریکییەکان بکوژن یان هەڕەشەیان لێ بکەن لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت، ئەوا راوتان دەکەین و دەتانکوژین."
هێگسەس لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەستخۆشی لە سەربازانی ئەمریکا کرد و بە "باشترینی جیهان" وەسفی کردن و رایگەیاند، ئێستا دەستیان بە تەواوەتی کراوەیە بۆ ئەوەی هەموو ئامانجەکان بەدی بهێنن، داوای لە خودا کرد کە جەنگاوەرەکانیان لەم "ئەرکە گرنگەدا" بپارێزێت.
شەممە 28-02-2026 ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ